رووداو دیجیتاڵ
جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و هاودامەزرێنەری کۆمپانیای ئینڤیدیا، کە بە "باوکی ژیریی دەستکرد" ناسراوە، دوای 33 ساڵ لە سەرکردایەتیکردنی کۆمپانیاکە، رۆژی پێنجشەممە بەهۆی ئابڕووچوونێکی پەیوەندیی سۆزدارییەوە کە گومانی سیخوڕی بۆ چین-ی لەسەرە، دەستی لە پۆستەکەی و ئەندامێتیی ئەنجوومەنی کارگێڕی کێشایەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە هوانگی تەمەن 63 ساڵ، دانی بەوەدا نا کە پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ ئالیس هوانگ هەبووە؛ ژنێک کە بەرپرسی پێشووی کۆمپانیای (مێگاسپید)ـە لە سەنگافورە و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا گومانی ئەوەیان لێی هەیە سیخوڕی بۆ چین کردبێت.
هاوکات رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) ئاشکرای کرد کە هوانگ پەیوەندییەکی دیکەی لە دەرەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای نێو کۆمپانیاکەی خۆیدا هەبووە. لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە، پشکەکانی ئینڤیدیا بە رێژەیەکی تووند دابەزی و کۆلێت کرێس، بەڕێوەبەری دارایی، وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتی دیاری کرا.
لە چێشتخانەیەکی بچووکەوە بەرەو لووتکەی جیهان
چیرۆکی سەرکەوتنی جێنسن هوانگ یەکێکە لە دیارترین چیرۆکەکانی جیهانی تەکنەلۆژیا. هوانگ لە 1963 لە تایپێی پایتەختی تایوان لەدایکبووە و لە تەمەنی 9 ساڵیدا رەوانەی ئەمریکا کراوە. لە 1993، لە چێشتخانەیەکی سیلیکۆن ڤالی، کۆمپانیای ئینڤیدیای دامەزراند. ناوی کۆمپانیاکە لە وشەی لاتینی (Invidia) وەرگیراوە کە بە واتای "ئیرەیی" دێت، هەر بۆیە لۆگۆی کۆمپانیاکە لە شێوەی چاوێکی سەوز و سپیدایە.
شۆڕشی چیپەکان و داگیرکردنی بازاڕی ژیریی دەستکرد
ئینڤیدیا لە 1999 یەکەمین یەکەی چارەسەرکردنی گرافیکی (GPU)ـی لە جیهاندا بەرهەمهێنا. ئەم چیپانە بوونە بزوێنەری سەرەکیی شۆڕشی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێنەر وەک (ChatGPT) و (Claude). بەهۆی خواستێکی زۆری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک گووگڵ، مایکرۆسۆفت، مێتا و ئەمازۆن، ئینڤیدیا توانی نزیکەی 90%ـی بازاڕی جیهانیی چیپەکان کۆنتڕۆڵ بکات. بەهای بازاڕیی ئینڤیدیا بۆ زیاتر لە 4.5 ترلیۆن دۆلار بەرز بووەوە و تەنیا لە ساڵی رابردوودا 120 ملیار دۆلار قازانجی تۆمار کرد، سامانی تایبەتیی جێنسن هوانگیش گەیشتە نزیکەی 160 ملیار دۆلار.
هوانگ کە ببووە راوێژکارێکی نزیکی نافەرمیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دواجار بەهۆی پەیوەندییە تایبەتەکانی و مەترسییە ئەمنییەکانەوە، کۆتایی بە سێ دەیە لە سەرکردایەتیکردنی ئیمپراتۆریەتە تەکنەلۆژییەکە هات.
ترەمپ لە پەیامێکدا لە "ترووس سۆشیاڵ" ستایشی کارەکانی جێنسن هوانگی کرد و تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵی وەک تاکە بژاردە بۆ شوێنگرتنەوەی ناوبرد و نووسیویەتی: "ئێستا کە جێنسن هوانگ دەستی لەکارکێشاوەتەوە، تەنیا یەک پیاو هەیە شوێنی بگرێتەوە؛ ئەویش تیم کوک-ی ئەپڵە. ئەفسانەیەک جێگەی ئەفسانەیەک دەگرێتەوە!"



