رووداو دیجیتاڵ
ملیۆنان هاووڵاتیی ئەمریکی روویان لە بنکەکانی دەنگدان کردووە. دەنگدانەکە وەک راپرسییەکی گشتی لەسەر دوو ساڵی یەکەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ سەیر دەکرێ. دەنگدانەکە یەکلایی دەکاتەوە ئایا کۆمارییەکان دەسەڵاتی کۆنگرێس دەپارێزن یان دیموکراتەکان هێزی رووبەڕووبوونەوەی سەرۆک لە دوو ساڵی کۆتایی دەسەڵاتەکەیدا بەدەستدەهێنن.
هەڵبژاردنی نیوەی خول چییە؟
هەڵبژاردنی نیوەی خول لە نیوەی خولی چوار ساڵەی سەرۆکدا بەڕێوەدەچێت. دەنگدەران بڕیار لەسەر ئەم پۆستانە دەدەن:
تەواوی 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە هەڵدەبژێردرێنەوە.
35 ئەندام لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران.
دەنگدان بۆ پۆستی ژمارەیەک لە حاکمەکان، پەرلەمانی ویلایەتەکان و بەرپرسە ناوخۆییەکانیش بەڕێوەدەچێت.
ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران پێکەوە کۆنگرێسی ئەمریکا پێکدێنن. دوو ئەنجوومەنەکە باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانانن لە وڵاتدا کە یاساکان پەسند دەکەن، بڕیار لە بودجەی حکومەت دەدەن، لێکۆڵینەوە لە جێبەجێکردنی یاساکان دەکەن.
ئێستا کۆمارییەکان کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنەکەیان بەدەستەوەیە، بەڵام زۆرینەکەیان بە رێژەیەکی کەمە و لێکنزیکن. دیموکراتەکان تەنیا پێویستیان بە بردنەوەی سێ کورسییە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و چوار کورسی لە ئەنجوومەنی پیران تاوەکو زۆرینە بەدەستبێننەوە.
بەپێی دواین راپرسییەکان، دەرفەتی دیموکراتەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران زۆر بەهێزە، لە کاتێکدا چارەنووسی ئەنجوومەنی پیران تاوەکو دوا ساتەکان بە نادیاری دەمێنێتەوە.
راپرسییەک لەسەر دوو ساڵی سەرۆکایەتیی ترەمپ
لە کانوونی دووەمی 2025ەوە کاتێک ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی، کارنامەیەکی تووندی لەسەر کۆچبەری، باجی گومرگی، گۆڕینی پێکهاتەی حکومەت و رووبەڕووبوونەوەی دەرەکی پیادە کردووە. لە کاتێکدا ئەم سیاسەتانە لەلایەن بنکەی جەماوەریی خۆیەوە بە تەواوی پشتیوانی دەکرێن، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانیشی لێکەوتووەتەوە.
لە گوتارێکیدا لە واشنتن لە 2ى تشرینی دووەم، ترەمپ داوای لە دەنگدەران کرد بەربژێرانی دیموکرات رەتبکەنەوە و گوتی: "پارتێک کە رقی لە ئەمریکایە، نابێت رێگەی پێبدرێ کاروباری ئەو خەڵکە بەڕێوەببات کە ئەم وڵاتەیان دروستکردووە". تەنانەت داوای لە لایەنگرانی کرد: "وا دانێن ناوی من لەسەر کاخەزی دەنگدانەکەیە."
بەپێی راپرسییەکی هاوبەشی رۆیتەرز و ئیپسۆس لە 2ی تشرینی دووەم، ئاستی رازیبوونی جەماوەر لە ترەمپ بۆ 32٪ دابەزیوە کە یەکێکە لە نزمترین ئاستەکان لە مێژووی ژیانی سیاسیدا، لە کاتێکدا لە دەنگدانی کۆنگرێسدا 46٪ـی بەشداربووان لایەنگریی دیموکراتەکان و تەنیا 38٪ پشتیوانیی کۆمارییەکانیان کردووە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینەش نیگەرانی و تووڕەیی خەڵکە لە دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی دوای هەشت مانگ لە پێکدادانی سەربازی لەگەڵ ئێران.
دیموکراتەکان و کۆمارییەکان چی بە دەنگدەران دەڵێن؟
پەیامی بانگەشەکانی هەردوو بەرە دوو دنیابینیی تەواو پێچەوانەی خستەڕوو:
بەرەی دیموکراتەکان: حەکیم جێفریز، سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە گوتارێکیدا لە ڤێرجینیا سەرۆکایەتییەکەی ترەمپی بە "گۆڕستانی بەڵێنە شکاوەکان" ناوبرد، بەتایبەت لە پرسی بژێوی و بەڵێنی دوورکەوتنەوە لە جەنگە نەبڕاوەکان.
جێفریز بەڵێنی دا ئەگەر زۆرینە بگرنە دەست، بڕینی بودجەی دەستەبەری تەندروستی پەکدەخەن، یارمەتییە تەندروستییەکان دەگەڕێننەوە، جەنگ لەگەڵ ئێران رادەگرن و لێکۆڵینەوە لە کەموکوڕییەکانی ئیدارەی ترەمپ دەستپێدەکەن.
بەرەی کۆمارییەکان: مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردندا لە میشیگن هۆشداری دا و گوتی: "ئێمە ئیدی لەسەر باج و سیاسەتی دەرەوە گفتوگۆ ناکەین، بەڵکو شەڕ لەسەر هێشتنەوەی بناخەکانی کۆمارەکە و ئەمریکا دەکەین" و بانگەشەى ئەوەی کرد کە سەرکەوتنی دیموکراتەکان وڵات بەرەو "رێگەیەکی تاریک و مەترسیداری کۆمۆنیزم" دەبات.
بردنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن دیموکراتەکانەوە دەسەڵاتێکی فراوانیان پێدەدات، لەوانە دەتوانن:
سەرۆکایەتیی لیژنە هەستیارەکان بگرنە دەست، بەرپرسانی ئیدارەکەی ترەمپ بانگهێشتی لێپرسینەوە بکەن و بەڵگەنامە فەرمییەکان بخەنە بەردەم دادگە، لەوانەش لە دۆسیەکانی جەنگی ئێران، خەرجییە سەربازییەکان و رێکارەکانی کۆچبەری.
دەتوانن هەوڵی لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆک بدەن. هەرچەندە ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانێت پەسندی بکات، بەڵام لادانی تەواوەتیی سەرۆک پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی پیرانە کە زۆر زۆر ئەستەمە.
ئەنجوومەنی پیران بەرپرسیارە لە پەسندکردنی باڵیۆزەکان، دادوەرانی فیدراڵی و دادوەرانی دادگەی باڵا. ئەگەر دیموکراتەکان ئەوێش ببنەوە، دەتوانن دەستنیشانکراوەکانی ترەمپ رابگرن. لەگەڵ ئەوەیشدا، سەرۆک مافی ڤیتۆ و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی لە سیاسەتی دەرەوەدا بە پارێزراوی دەمێنێتەوە.
کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکان
بڕیاری دەنگدەرانی ئەمریکا لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا لەنێو سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا نامێنێتەوە، بەڵکو گۆڕانکاری لە چەندین تەوەرەی ستراتیژیی جیهانیدا دروست دەکات:
جەنگی ئێران، تەنگەى هورمز و کێشەی نەوت
ئەم هەڵبژاردنە لە هەستیارترین کاتی ململانێی سەربازیی هەشت مانگەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەڕێوەدەچێت، کە لە شوباتی 2026 دەستی پێکرد. پشێوییەکانی تەنگەى هورمز کە رێڕۆی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت و گازی جیهانە، نرخی سووتەمەنیی بەرزکردووەتەوە و بازاڕەکانی لە ئاسیاوە تاوەکو ئەورووپا هەژاندووە.
لە کاتێکدا کریس مێرفی، سیناتۆری دیموکرات دوای ئاگاداربوونی لە پلانێکی نهێنیی سەربازیی واشنتن گوتی: "ئەم پلانە شێتانەیە و دەبێتە هۆی پەرەسەندنێکی وێرانکەر"، میدیای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات واشنتن هاوپەیمانەکانی ئاگادارکردووەتەوە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی لێدانی سەربازی دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان.
سەرەڕای ئەوەش لەنێو ئیدارەی ترەمپدا ناکۆکی هەیە. ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەى رایگەیاند "هیچ پەلەیان نییە" بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و گوتی، گوشارە ئابوورییەکان ئێرانیان لاواز کردووە.
جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆک و ستیڤ ویتکۆف لەگەڵ رێککەوتنن، لە کاتێکدا پیت هێگسەسی وەزیری جەنگ و بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هاندەری کردەی سەربازیین.
مارکۆ روبیۆ، سکۆت بێسێنت و جۆن راتکلیف لەگەڵ بەردەوامیی گوشاری ئابووریدان. هاوکات قەتەر، پاکستان، رووسیا و چین هەوڵی نێوەندگیری دەدەن و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هۆشداری داوە کە هەر هەڵەیەکی سەربازی بە وەڵامێکی قورستر رووبەڕوو دەبێتەوە.
ئابووریی جیهانی و نرخی پێداویستییەکان
لە کاتێکدا ترەمپ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بە "باجێکی کەم لەپێناو ئاسایشی ئەمریکا و جیهان" دەزانێت، دیموکراتەکان سەپاندنی باجی گومرگیی سەر کاڵاکان و ئاگری جەنگ بە هۆکاری گرانیی ژیانی خەڵک لەقەڵەم دەدەن.
بەهۆی پەیوەستبوونی ئابووریی ئەمریکا بە بازاڕی نێودەوڵەتی، هەر گۆڕانکارییەک لە یاساکانی باج، سوودی بانکی و خواستی وزە راستەوخۆ کاریگەرى دەکاتە سەر کۆمپانیا و بەکاربەران لە سەرانسەری جیهاندا.
جەنگی ئۆکراینا و هاوپەیمانیی ناتۆ
چارەنووسی یارمەتییە دارایی و سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ کیێڤ بەستراوەتەوە بە زۆرینەی کۆنگرێسەوە.
کۆنترۆڵی دیموکراتەکان بەربەست لەبەردەم کەمکردنەوەی هاوکارییەکان دروست دەکات و لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی نەرمی ترەمپ بەرامبەر رووسیا چڕدەکاتەوە.
بە پێچەوانەوە، مانەوەی کۆمارییەکان دەستی ترەمپ واڵاتر دەکات گوشار لە وڵاتانی ئەورووپا بکات خۆیان بەرپرسیارێتیی دارایی و سەربازیی ناتۆ لە ئەستۆ بگرن.
پەیوەندییەکان لەگەڵ چین و بازرگانیی نێودەوڵەتی
ململانێی دوو گەورەترین زلهێزی ئابووریی جیهان لەسەر تەکنەلۆژیا، ژیریی دەستکرد، پرسی تایوان و بازرگانی دەمێنێتەوە. سەرکەوتنی دیموکراتەکان رێگە بۆ پێداچوونەوە بە باجە گومرگییە قورسەکانی ترەمپ خۆشدەکات، ئەمەش گرنگییەکی زۆری بۆ وڵاتانی هەناردەکار و هێڵی بازرگانی هەیە.
ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی واشنتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
کۆنگرێس بڕیاری سەرەکی لەسەر پەسندکردنی گرێبەستە گەورەکانی چەک، هاریکارییە داراییەکان و چاودێریکردنی فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو دەدات.
بوونی زۆرینەی دیموکرات چاودێری و وردبینییەکی تووندتر بەسەر سیاسەتەکانی واشنتن و هاوکارییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەسەپێنێت.
کۆنگرێس دەسەڵاتی بەسەر سەپاندن و هەڵگرتنی سزاکاندا هەیە، ئەمەش کاریگەریی قووڵی لەسەر سنووردارکردنی دەستگەیشتنی تاران، مۆسکۆ و پەکین بە بازاڕە داراییەکان دروست دەکات. هاوکات کۆنگرێس بودجەی هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، بەرنامەکانی گەشەپێدان و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا دیاری دەکات.



