رووداو دیجیتاڵ
جەیمس واڵکینشاو، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پارتی دیموکراتەکان رایدەگەیێنێت، گەلی کورد دۆستێکی گەورە و مێژوویی ئەمریکایە و داوا لە کوردانی دیاسپۆرا دەکات کە مافی دەنگدانیان هەیە، لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، جەیمس واڵکینشاو پەیامی خۆی ئاراستەی کۆمەڵگەی کوردی لە ئەمریکا کرد و گوتی: "گەلی کورد بۆ چەندین ساڵە دۆستێکی زۆر گەورەی ئەمریکایە. ئێمە لە ویلایەتی ڤێرجینیا زۆر سوپاسگوزاری کۆمەڵگەی کوردین کە لێرەن و لە بوارە جیاوازەکاندا بەشدارییەکی کارا دەکەن؛ دەمانەوێت بزانن کە ئێوە لێرە زۆر بەنرخ و خۆشەویستن."
کۆنگرێسمان واڵکینشاو داوای لە کوردانی ئەمریکا کرد کە ئەم دەرفەتە دیموکراتییە لەدەست نەدەن و گوتی: "ئەگەر مافی دەنگدانتان هەیە، رۆژی سێشەممە بڕۆن دەنگ بدەن، مافی دەستووریی خۆتان وەک هاووڵاتییەکی ئەمریکی پەیڕەو بکەن بۆ ئەوەی بەشداربن لە دروستکردنی بڕیار لە دیموکراسیی وڵاتەکەماندا."
سەبارەت بە بەرنامەی پارتەکەی لە ئەگەری بەدەستهێنانی زۆرینەی کۆنگرێس لە هەڵبژاردنەکانی 3ی تشرینی دووەم، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی: "ئەگەر دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس بگرنە دەست، دەستبەجێ کار دەکەین بۆ دابەزاندنی تێچووی ژیان؛ لەوانە دەرکردنی یاسا بۆ کەمکردنەوەی نرخی چاودێریی تەندروستی و گەڕاندنەوەی لێخۆشبوونی باج بۆ چینی مامناوەند."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ جەیمس واڵکینشاو، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا،
رووداو: زۆر سوپاس، کۆنگرێسمان. پێم بڵێ هەستت چۆنە سەبارەت بەم گردبوونەوەیە، چۆن بوو؟ چ هەستێکت هەیە کە دوو رۆژ پێش هەڵبژاردن رێکخراوە؟
جەیمس واڵکینشاو: ئێمە ئەمڕۆ لێرەین کە دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەی دوایین هاندان بدەین بە هەموو خۆبەخشەکانمان کە دەرگا بە دەرگا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خەڵک لەبیری نەکەن کە رۆژی سێشەممە بچن دەنگ بدەن. ئەمە بێگومان هەڵبژاردنێکی گەورەیە لە سەرانسەری وڵاتدا، بەتایبەتی لێرە لە ڤێرجینیا، چونکە دانیشتووانی ڤێرجینیا زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان. بۆیە ئێمە دەمانەوێت هەموو دەنگێک کۆبکەینەوە و گۆڕانکاری لە واشنتن دروست بکەین.
رووداو: خەڵک پێویستە چاوەڕوانی چیت لێبکەن کاتێک دوای هەڵبژاردن دەگەڕێیتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران؟ یەکەم شت چی دەبێت کە کاری لەسەر بکەیت؟
جەیمس واڵکینشاو: ئەگەر دیموکراتەکان کۆنترۆڵی کۆنگرێس بەدەستبهێنن، بەتایبەتی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا، ئێمە دەستبەجێ دەست بە کارکردن دەکەین بۆ دابەزاندنی تێچووەکان؛ یاسایەک دەردەکەین بۆ دابەزاندنی تێچووی چاودێریی تەندروستی، ئەوەش بە پێچەوانەکردنەوەی کەمکردنەوەکان و گەڕاندنەوەی کەمکردنەوەی باج بۆ چینی مامناوەند، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ کە ساڵانە 2500 دۆلار لە خێزانەکانی ڤێرجینیا دەبات و کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران کە نرخی بەنزین، گازوایل و پەینی کیمیایی بەرز دەکاتەوە. ئێمە هەموو ئەمانە دەکەین.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم، تۆ دەزانیت کە خێزانە کوردەکان لێرە دەژین و پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەیە. پەیامی تۆ بۆ ئەوان چییە؟
جەیمس واڵکینشاو: گەلی کورد بۆ چەندین ساڵ دۆستی گەورەی ئەمریکا بوون و ئێمە زۆر سوپاسگوزاری کۆمەڵگای کوردین کە لێرەن و بە چەندین شێوازی جیاواز هاوکارن لە ڤێرجینیا، بۆیە ئێمە تەنیا دەمانەوێت بزانن کە ئێوە بەنرخ و خۆشەویستن لێرە. ئەگەر مافی دەنگدانتان هەیە، رۆژی سێشەممە بڕۆن دەنگ بدەن، مافی خۆتان پەیڕەو بکەن وەک ئەمریکییەک بۆ بەشداریکردن لە دیموکراسییەکەماندا.



