رووداو دیجیتاڵ
مارک وارنەر، سیناتۆری دیاری دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دڵسۆزترین هاوپەیمانی ئەمریکا بووە، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە واشنتن لە سووریا وەک پێویست کاری بۆ پاراستنی هاوپەیمانە کوردەکانی نەکردووە.
مارک وارنەر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، ئاماژەی بەوە کرد کە شانازی بە پێگە و بەشداریی کۆمەڵگەی کوردی لە ویلایەتی ڤێرجینیا و سەرتاسەری ئەمریکا دەکات و گوتی: "گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دڵسۆزترین هاوپەیمانی ئەمریکا بوون، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار، بەتایبەتی لە دۆخی سووریادا، ئێمە وەک پێویست کارمان بۆ پاراستنیان نەکرد."
سیناتۆرەکەی دیموکراتەکان جەختی کردەوە کە دەیەوێت لە نێو ئەنجوومەنی پیراندا دەنگێک بێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا.
سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئاڵۆزییە سەربازییەکان، مارک وارنەر رەخنەی تووندی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گرت و گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا بەبێ هیچ پلانێک وڵاتەکەمانی خستە نێو شەڕی ئێرانەوە؛ ئەم جەنگە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و لە لایەکی دیکەشەوە جیاکاری و گوشارەکانی دژی کۆمەڵگەی کورد لە ئێران زیاتر کردووە. ئەگەرچی حکومەتی ئێران رژێمێکی خراپە، بەڵام ئەم شەڕە رێگە راستەکە نییە."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ مارک وارنەر، سیناتۆری دیموکراتەکان
رووداو: پەیامت چییە بۆ دەنگدەرانی کورد کە لێرە لە فێیەرفاکس و لە شوێنەکانی دیکەی ڤێرجینیا دەژین؟
مارک وارنەر: سەرەتا من شانازی بە بەشداریی کۆمەڵگای کوردی لە ڤێرجینیا و ئەمریکا دەکەم. راستییەکەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دڵسۆزترین هاوپەیمانی ئەمریکا بوون و هەندێک جار، بەتایبەتی لە بابەتی دۆخی سووریا، ئێمە کارمان بۆ پاراستنی هاوپەیمانە کوردەکانمان نەکردووە. بۆیە هیوای من ئەوەیە وەک دەنگێک لە ئەنجوومەنی پیراندا، دەمەوێت کارتان لەگەڵ بکەم و یارمەتیدەر بم لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگای کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لێرە لە ئەمریکا. هەروەها پێویستە نرخی بەنزین و شتەکانی دیکەش دابەزێنین. لە شەڕی ئێرانیش، حکومەتی ئێران تێیدا خراپ بووە، بەڵام ئەم سەرۆکەی ئەمریکا بەبێ هیچ پلانێک چووە نێو ئەم شەڕەوە. ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی جیاکاری دژی کۆمەڵگای کورد لە ئێران، ئەمەش شتێکە کە پێویستە دژی بوەستینەوە، بەڵام ئەم شەڕە رێگە راستەکە نییە.
رووداو: سیناتۆر، کاتێک دەگەڕێیتەوە بۆ ئەنجوومەنی پیران، گرنگترین ئەو بابەتانە چی دەبن کە لە هەفتەکان یان مانگەکانی سەرەتات کاریان لەسەر دەکەیت؟
مارک وارنەر: من دەمەوێت ئەم شەڕە کۆتایی پێبهێنم و پێناسە گومرگییەکان رابگرم، هەروەها کار لەسەر چاودێریی تەندروستی بکەم بۆ ئەوەی گشتگیرتر بێت. هەروەها پێموایە ژیریی دەستکرد گەورەترین گۆڕانکاریی تەکنەلۆژیی ژیانمان دەبێت و شتی باشی تێدایە، بەڵام هەندێک ئاڵنگاریی راستەقینەش هەن؛ دەمەوێت کار لەسەر ئەو بابەتەش بکەم.
رووداو: هەندێک لە خێزانانی کورد لێرە لە ئەمریکا و لە ڤێرجینیا، پەیوەندییان بە خێزانەکانیانەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان، کە ئێستا ناوچەکەیان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کراوەیە بە رووی مووشەکەکانی ئێران و گرووپەکانی میلیشیا عێراقییەکان. ئێوە چۆن کار دەکەن بۆ هاوپەیمانەکانتان لە هەرێمی کوردستان کە لەگەڵتاندا دژی داعش جەنگان؟
مارک وارنەر: یەکێک لەو شتانەی کە پێویستە بەردەوام بین لە کردنی، ئەوەیە چۆن بەردەوام بین لە کارکردن لەوێ؟ مەبەستم ئەوەیە کۆمەڵگای کورد بەتایبەتی لە باکووری عێراق زۆر بەهێزە. هەروەها چۆن دڵنیا بین لەوەی کە ئەگەر هەر چارەسەرێک هەبێت، کۆمەڵگای کورد، چ لە ئێران بێت یان لە تورکیا، هەمیشە پشتگوێ نەخرێت؟ هیوادارم بتوانم بەردەوام بم لەوەی دەنگێک بم بۆ ئەو کۆمەڵگا کوردییە، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کاتێک بیر لە دانوستاندن لەگەڵ ئێران یان تورکیا دەکەینەوە، من نیگەرانم لەوەی کە سەرۆک ئەردۆغان لە تورکیا چۆن مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگای کوردیدا دەکات، هیوادارم ببمە ئەو دەنگەی کە ئەوان پشتگوێ نەخرێن.



