رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە دەکرێت لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن.
ترەمپ رۆژی دووشەممە لە واشنتن لە گوتارێکدا بە بۆنەی کردنەوەی حەوزی لیکن، گوتی: "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەین، کە ئەوەش دەکرێت رووبدات،" بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمریکا جەنگەکە "بە ئاسانی دەباتەوە".
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە هێزی ئاسمانی و دەریایی ئێرانیان لەنێو بردووە. هەروەها گوتی، ئێران "هیچ پارەیەکی نەماوە، تەنیا هەڵاوسانی ماوە."
ترەمپ دووپاتی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "هەرگیز" رێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و ئێرانییەکانیش "بەمە دەزانن." گوتیشی، بەرپرسانی تاران "بەم دواییانە پێیان راگەیاندین کە چەکی ئەتۆمییان ناوێت."
ترەمپ پێشتریش رایگەیاندبوو کە هیچ پەلەیەکی نییە لە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، چونکە گوشارە ئابوورییەکانی واشنتن زیانێکی قورسیان بە تاران گەیاندووە و ئابووریی ئەو وڵاتەیان "ئیفلیج" کردووە. ئەم لێدوانانەش لە کاتێکدان کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوشار لە کۆشکی سپی دەکات تاوەکو لە دوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس گورز لە تاران بوەشێنێت.
رۆژی دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی گوتی، "ئێمە ئابووریی ئەوانمان ئیفلیج کردووە، نە پارەیان هەیە و نە سووتەمەنی، هاووڵاتییانیشیان لەم بارودۆخە زۆر ماندوون."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسانی ئێران وەک ئەوەی لێیان چاوەڕوان دەکرا پەلە ناکەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش "لە هەموو کاتێکی دیکەی سەرەتای شەڕەکەوە زیاتر خوازیاری رێککەوتنن."
سەبارەت بەو دانوستاندنانەی کە بە نێوەندگیریی دەوحە بەڕێوەدەچن، ترەمپ گوتی پڕۆسەکە بە باشی بەرەوپێش دەچێت، بەڵام گومانی خۆی لە بەرامبەرەکانی دەربڕی و گوتی، "ئێمە قسەیان لەگەڵ دەکەین و پێشکەوتنی باش هەیە، کێشەکە ئەوەیە کە دڵنیا نین کێ بڕیارەکان دەدات و نامانەوێت جارێکی دیکە کاتمان بەفیڕۆ بدەن."
بەگوێرەی راپۆرتی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، ترەمپ دەیەوێت دەرفەت بە دانوستاندنەکان بدات بگەنە ئەنجام و نایەوێت ئیسرائیل دەستوەردان لەم بابەتەدا بکات. کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە راوێژکارانی کۆشکی سپی بەسەر سێ ئاراستەدا دابەش بوون:
بەرەی یەکەم: بەشێک لە راوێژکاران و زۆربەی سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ رێککەوتندان، بەو پاساوەی کە لێدانی سەربازیی دیکە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ دروست ناکات.
بەرەی دووەم: داوای دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دەکەن بۆ تەواوکردنی ئامانجە سەربازییەکانی جەنگەکە.
بەرەی سێیەم: بە سەرۆکایەتیی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکایە کە پێشنیاز دەکەن گەمارۆی دەریایی و سزاکان بۆ چەند هەفتە یان چەند مانگێکی دیکە وەک خۆیان بهێڵدرێنەوە. هاوکات کەناڵە ئیسرائیلییەکە دووپاتیکردەوە کە ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەم بارەیەوە نەداوە.
رۆژی شەممە، ترەمپ و نەتەنیاهوو بە تەلەفۆن قسەیان کردووە؛ بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆس، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە ترەمپ کردووە کە دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەکانی 3ـی تشرینی دووەمی کۆنگرێس، هێرش بکرێتە سەر ئێران.
کەناڵی 12 باسی لەوە کرد کە نەتەنیاهوو لە بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی واشنتن و تاران نیگەرانە، هەرچەندە ترەمپ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بە "گفتوگۆیەکی زۆر باش" ناوبردووە.
لەلایەکی دیکەوە، تاران رۆژی دووشەممە ئاماژەی نوێی نارد؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر مەرجەکانی وڵاتەکەی جێبەجێ بکرێن، ئامادەن تەنگەی هورمز بکەنەوە. هاوکات مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای کرد کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسەڵاتی تایبەتی بە حکومەت بەخشیوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دانوستاندنانە.



