رووداو دیجیتاڵ
سیناتۆرێکی ئەمریکی دەڵێت، "دەزانم کورد هاوپەیمانی چەند گرنگ بوون بۆمان، لەو کارە گرنگانەی کە سوپاکەمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەنجامی داوە و نابێت دۆستایەتی قووڵی نێوانمان لەبیربکەین".
تیم کەین، سیناتۆری ئەمریکی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە ڤێرجینیا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی گوت، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، کە ئەمریکا ناتوانێت بەردەوام بێت لە پێشکێشکردنی پشتگیری بە شێوازی دیکە.
گوتیشی، "پێویستە ئاگاداری ئەوە بین، کە هەندێک جار پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستانی باش نین. کەواتە ئێمە نابێت تەنیا گوێ لە بەغدا بگرین، بەڵکو پێویستە کات لە هەولێر و ناوچە کوردییەکاندا بەسەر ببەین و دۆستایەتییە قووڵەکان و هاوکارییەکانمان لەگەڵ گەلی کورد لەبیر نەکەین."
سیناتۆرەکە دەشڵێت، پێم وایە کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێناسە گومرگییەکان دوو گرنگترین کار دەبن، کە دەبێت لە ئەنجوومەنی پیران (سێنات) بیکەن.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ تیم کەین، سیناتۆری ئەمریکی:
رووداو: سڵاو، ناوی من دیارە، رۆژنامەڤانێکی کوردم. ژمارەیەکی زۆر لە خێزانی کورد لێرە لە ڤێرجینیا دەژین و ئێمەش رووماڵی هەڵبژاردن دەکەین. چەند پرسیارێکی خێرام هەیە بۆت.
تیم کەین: بەڵێ.
رووداو: پەیامی تۆ چییە بۆ کۆمەڵگا جیاوازەکان کە لێرە لە فێیەرفاکس و لە ڤێرجینیا دەژین؟ وەک کورد، عەرەبەکان و ئێرانییەکان، پەیامی تایبەتی ئێوە چییە بۆیان لەم هەڵبژاردنەدا؟
تیم کەین: ئێوە بە بوونتان لێرە، ڤێرجینیا دەکەنە شوێنێکی باشتر. کاتێک من لە ساڵی 1958 لەدایکبووم، لە هەر 100 کەسێکی ڤێرجینیا تەنیا یەکێکیان لە دەرەوەی وڵات لەدایکببوو، ئێمەش ویلایەتێکی هەژار بووین و کەمترین ئاستی داهاتی تاکمان هەبوو. بەڵام ئەمڕۆ لە هەر هەشت کەسێکی ڤێرجینیا، یەکێکیان لە دەرەوە لەدایکبووە و ئێمە لە ریزبەندی یەکەمەکانین لە داهاتی تاک. کۆمەڵگایەکی نوێی ئەمریکیمان هەیە کە سەرچاوەیەکی گەورە بوون بۆ پێشکەوتنەکانمان. ئەوەی پێویستە، بوونی بەرپرسگەلێکی هەڵبژێردراوە کە بایەخ بە فرەچەشنی بدەن، نەوەک ئەوەی وەک وشەیەکی خراپ سەیری فرەچەشنی بکەن، بەڵکو دەبێت بایەخ بە ئەمریکییە نوێیەکان و کۆچبەران بدەن و وەک شتێکی ئەرێنی بیبینن. هەر کەسێک بێتە لام و قسەم لەگەڵ بکات دەربارەی دابەزاندنی بەهای کۆچبەران، من ئەم ئامارەیان پێدەدەم، کە چۆن ڤێرجینیا گۆڕاوە بەهۆی گەشەکردنی کۆمەڵگا نوێیە ئەمریکییەکانمانەوە. من چەند جارێک لە کوردستان بووم، دەزانم هاوپەیمانە کوردەکانمان چەند گرنگ بوون بۆمان لەو کارە گرنگانەی کە سوپاکەمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەنجامی داوە، بەڵام کێشەی راستەقینەکە لێرەیە لە ناوخۆدا. ئێمە دەبێت ژینگەیەکی گونجاو دروست بکەین. پێموایە لە ڤێرجینیا ئەم ژینگەیەمان دروست کردووە، بەڵام زۆر لە سیاسەتڤانە نێوخۆییەکان لەم کاتەدا تووندن، نەک تەنیا بەرامبەر بە کۆچبەرانی نایاسایی، بەڵکو بەرامبەر بە هەموو جۆرە کۆچبەرێک تووندن. پێویستە ئەمە رابگرین.
رووداو: شەڕی ئێران یەکێکە لەو بابەتانەی کە جێگەی بایەخی خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، ئەوان خێزانەکانیان لێرەن، یان خێزانەکانی ئێرە پەیوەندییان بەوێوە هەیە. یەکەم شت چی دەبێت کە دەتەوێت دوای هەڵبژاردن بیکەیت، کاتێک دەگەڕێیتەوە بۆ ئەنجوومەنی پیران؟
تیم کەین: پێویستە شەڕەکە رابگرین. تاوەکو ئێستا بەهۆی کۆمارییەکانەوە دەنگی پێویستمان نەبووە بۆ راگرتنی شەڕەکە، هەرچەندە هەردوو ئەنجوومەنەکەمان هاندابوو بۆ راگەیاندنی نایاساییبوونی شەڕەکە، بەڵام سەرۆک ترەمپ پشتگوێی دەخات و ئەندامانی کۆنگرێسیش رێگە بەوە دەدەن، بەڵام پێویستە شەڕەکە و پێناسە گومرگییەکانیش کۆتایی پێبهێنین. ئەمانە گرنگترین دوو شتن، کە پێویستە بیکەین بۆ کەمکردنەوەی تێچووی سەر خەڵک، هەروەها دەستکردن بە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکی راست و دروست لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان لەسەر ئاستی جیهاندا. زۆر شتی دیکەش هەن کە پێویستە بیکەین، بەڵام پێموایە کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێناسە گومرگییەکان دوو گرنگترین کار دەبن.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم؛ باست لەوەکرد کە لە کوردستان بوویت و لێرەش ژمارەیەکی زۆر خێزانی کورد هەن. ئەمریکا لەم دواییانەدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشایەوە. بۆیە ئێستا ناوچەکە کراوەیە بە رووی مووشەکەکانی ئێران و گرووپەکانی میلیشیا عێراقییەکان، کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان. چۆن داهاتووی پەیوەندییەکانی کورد و ئەمریکا دەبینیت کاتێک دێتە سەر باسی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا؟
تیم کەین: بوونی ئێمە لە عێراقدا هەمیشە بەندە بەوەی کە ناتوانین لەوێ بین بەبێ رەزامەندیی حکومەت، واتە ئەگەر لەوێ بین، دەبێت لەگەڵ حکومەتدا کار بکەین. بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش داواکاریی حکومەتی عێراق بوو، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناتوانین بەردەوام بین لە پێشکێشکردنی پشتگیری بە شێوازی دیکە، وەک پشتگیریی ئابووری و جۆرەکانی دیکەی هاوکاری. پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە هەندێک جار پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکە باش نین. کەواتە ئێمە نابێت تەنیا گوێ لە بەغدا بگرین، بەڵکو پێویستە کات لە هەولێر و ناوچە کوردییەکاندا بەسەر ببەین و دۆستایەتییە قووڵەکان و هاوکارییەکانمان لەگەڵ گەلی کورد لەبیر نەکەین.


