رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فەرەنسا رۆژی یەکشەممە دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی، دوای ئەوەی گرژی لە خۆپێشاندانە گەورەکانی دژی گرانی، بەراورد بە هەفتەکانی رابردوو کەم بووەوە. بەڵام پۆلیس پێشبینی دەکات خۆپێشاندان دەستپێبکاتەوە، چونکە رۆژی دووشەممە دوای تەواوبوونی پشووی پاییزە، قوتابخانە ئامادەییەکان کە شوێنی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانن، دەکرێنەوە.
ئەڵمانیاش رووبەڕووی کێشەی هاوشێوە بووەوە، دوای ئەوەی رۆژی شەممە خۆپێشاندان لە سەرتاسەری وڵاتەکە کرا و لە هەندێک شاردا بە هێرشکردنە سەر پۆلیس و تاڵانکردنی دووکانەکان کۆتایی هات. لە سەرتاسەری ئەورووپاش، سەتان هەزار کەس بە رابەریی گەنجان رژانە سەر شەقامەکان کە زۆربەیان ئاشتیانە بوون، هەرچەندە لێرە و لەوێ ئاژاوە دروست بوو.
لە پاریس، پۆلیس رایگەیاند، لە کۆتایی رێپێوانەکەی رۆژی شەممە لە رۆژهەڵاتی شارەکە، "ئاژاوەگێڕان" بە مۆلۆتۆڤ هێرشیان کردە سەر پۆلیس، کە بەهۆیەوە سێ پۆلیس بریندار بوون و ئۆتۆمبێلێکیش سووتێنرا. لە بەشێکی دیکەی شارەکە و لە نزیک تاوەری ئیڤڵ، چەند گرووپێکی دەمامکدار یاریی ئاگرینیان گرتە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیش هێرشیان کردە سەریان، ئەوەش ترسی خستە دڵی گەشتیاران و ناوچەکەیان جێهێشت.
بە گشتی، تووندوتیژییەکان زۆر کەمتر بوون بەراورد بە 17ی تشرینی یەکەم کە تێیدا بینای شارەوانییەک سووتێنرا و زیاتر لە دوو هەزار فرۆشگە تاڵان کران، یان بەراورد بە خۆپێشاندانەکانی 24ی مانگ. تاوەکو شەوی شەممە پۆلیس 779 کەسی دەستگیرکرد، لە کاتێکدا لە 17ی تشرینی یەکەم 2 هەزار و 628 کەس و هەفتەی رابردووش هەزار و 314 کەس دەستگیر کرابوون. پۆلیسی پاریس و مارسێلیا گوتیان، تەنیا چەند دووکانێکی کەم کراونەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گەورە تۆمار نەکراوە.
بەرپرسێکی پۆلیسی فەرەنسا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی گوتووە، نزیکەی 70 هەزار پۆلیس لە سەرتاسەری وڵات بڵاوەیان پێکرابوو. گوتیشی خۆیان بۆ گرژیی زیاتر ئامادە دەکەن، چونکە رۆژی دووشەممە قوتابخانەکان دەکرێنەوە و گرووپی قوتابی و سەندیکاکانی کرێکارانیش داوای خۆپێشاندانی سەرتاسەرییان بۆ رۆژانی سێشەممە و پێنجشەممە کردووە.
ئەڵمانیا دوای شەوێکی نائارام هێور بووەوە
رۆژی شەممە زیاتر لە 100 هەزار کەس کە زۆربەیان گەنج بوون لە سەرتاسەری ئەڵمانیا بە شێوەیەکی ئاشتیانە خۆپێشاندانیان کرد و داوایان لە حکومەت کرد پارەی زیاتر بۆ خوێندن، نیشتەجێبوون و پاراستنی ژینگە تەرخان بکات و ژیانی رۆژانە هەرزانتر بکات. بەڵام لە هەندێک شاردا بە شەو خۆپێشاندانەکان گرژییان تێکەوت.
لە فرانکفۆرت، هەندێ لەوانە لە ناوەندی شار هێرشیان کردە سەر پۆلیس و دووکانەکانیان تاڵان کرد. بەهۆیەوە زیاتر لە 100 پۆلیس بریندار بوون و 54 کەسیش کە تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 29 ساڵدا بوو دەستگیرکران، هەروەها 17 دووکان زیانیان بەرکەوت و پێنجیان تاڵان کران. بەرەبەیانی یەکشەممە دوای ئەوەی پۆلیس گەمارۆی ناوەندی شاری دا، دۆخەکە هێور بووەوە.
بۆریس راین، حاکمی هەرێمی هێسن گوتی: "تووشی شۆک بووم بەو تووندوتیژییانەی فرانکفۆرت و بێ سزا تێناپەڕن. هەرکەسێک وەک هێرشکارەکانی فرانکفۆرت رەفتار بکات، خۆی دەخاتە دەرەوەی کۆمەڵگەی ئێمە."
شەوی شەممە لە شاری کۆڵنیش تووندوتیژی روویدا و پۆلیس ئاوی بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە بەکارهێنا. لە بەرلینیش خۆپێشاندەران بە شووشە و یاریی ئاگرین هێرشیان کردە سەر پۆلیس.
رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە کە دەستپێشخەرییەکی گەنجانە بە ناوی (Gen Z regelt)، لە ئینستاگرام بێ بەریبوونی خۆیان لە هەموو جۆرە تووندوتیژییەک راگەیاند. لای خۆیەوە ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە بە چاپەمەنیی وڵاتەکەی گوت، "گرووپە چەپڕۆوە تووندڕۆوەکان و ئاژاوەگێڕانی نێو کۆچبەران" خۆپێشاندانە ئاشتیانەکانیان بەلاڕێدا بردووە و جەختی کردەوە کە ئاژاوەگێڕ و تاڵانچییەکان دەناسرێنەوە و سزا دەدرێن.
گرانیی کرێی خانوو خۆپێشاندەرانی پۆرتوگالی هێنایە سەر شەقام
لە پۆرتوگالیش، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان بە زەبری هێز خۆپێشاندەرانی لە گۆڕەپانێکی لیشبۆن دوورخستەوە. بە رۆژ هەزاران کەس بۆ داواکردنی هەرزانکردنی نرخی خانوو و کرێ رێپێوانیان کرد و لە کۆتاییدا چەند سەد کەسێک لە گۆڕەپانی بەنێوبانگی (رۆسیۆ) لە ناوەندی لیشبۆنە چادریان هەڵدا. بەرەبەیانی یەکشەممە پۆلیس هێرشی کردە سەریان، چادرەکانی لابرد، خەڵکەکەی دوورخستەوە و چەند کەسێکیشی دەستگیر کرد.
خۆپێشاندەرانی پۆرتوگال بە کاریگەریی جووڵانەوەکەی ئیسپانیا، چەند هەفتەیەکە دژی گرانیی بژێویی ژیان و بەتایبەتیش گرانیی کرێی خانوو خۆپێشاندان دەکەن.


