رووداو دیجیتاڵ
کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆبوونەوەکانی گرووپی 20 لە ئەمریکا "کۆمەڵێک قسەی نادروست و گێڕانەوەی ناڕاستی" سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا خستووەتەڕوو، هاوکات مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی ئامادەی دانوستاندنی ئاشتی نییە.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی دوو رۆژەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی 20 لە شاری ئەتڵەنتای ویلایەتی جۆرجیا، کاڵاس رایگەیاند، "باسی قەیرانە گەورە جیۆپۆلەتیکییەکانمان کرد، لەنێویاندا ئۆکراینا و توانیمان راستەوخۆ رووبەڕووی سێرگی لاڤرۆڤ ببینەوە. بە دڵنیاییەوە ئەو چەندین درۆ و گێڕانەوەی ناڕاستی خستەڕوو، بەڵام توانیمان دەستبەجێ وەڵامی هەموویان بدەینەوە و رەتیان بکەینەوە."
ئەم هەڵوێستەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدایە، بڕیارە مانگی داهاتوو گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان لەنێوان مۆسکۆ، واشنتن و کیێڤ بەڕێوەبچێت.
بەڵام بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، کردارەکانی رووسیا پێچەوانەی لێدوانە دیپلۆماسییەکانین و گوتی، "تەنانەت ئەگەر بە قسەش باسی ئاشتی بکەن، کردارەکانیان شتێکی دیکە دەڵێ. مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوول خوێناویترین مانگ بوون بۆ هاووڵاتییانی ئۆکراینا. پێویستە بە کردار بیسەلمێنن کە ئامادەی دانوستاندنن، بەڵام زۆر بە روونی دیارە کە ئامادە نین."
کاڵاس داوای کرد گوشارەکان لەسەر مۆسکۆ بەردەوام بن و گوتی، "پێویستە تەواوی گوشارەکان لەسەر دەستدرێژیکار بێت تاوەکو ئەم جەنگە رابگرێ."
رۆژی هەینی، پلانی وێنەگرتنی نەریتیی وەزیرانی گرووپی 20 هەڵوەشێندرایەوە دوای ئەوەی ژمارەیەک لە شاندە ئەورووپییەکان رەتیانکردەوە لە تەنیشت لاڤرۆڤ دەربکەون. سەبارەت بەو بڕیارە، کاڵاس روونیکردەوە کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە ئەورووپا بڕیاری داوە ئامادەبوونی مۆسکۆ لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا ئاسایی نەکاتەوە و گوتی، "ئێمە سیاسەتی خۆمان نەگۆڕیوە."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا سیاسەتێکی تووندی بایکۆتکردنیان بەرامبەر رووسیا جێبەجێ کردووە.



