رووداو دیجیتاڵ
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی 20 لە ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا خوازیاری کۆبوونەوەیە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، ئەوا دەبێت سەردانی مۆسکۆ بکات؛ هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن بە ئەرێنی ناوبرد.
لاڤرۆڤ دەنگۆی هەر کۆبوونەوەیەکی سەرۆکی وڵاتەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا لە دەرەوەی رووسیا رەتکردەوە و گوتی: "سەرۆک پووتین چەندین جار دووپاتیکردووەتەوە کە سەرەڕای هەموو رووداوەکانی شەش ساڵی رابردووی دوای بوونی بە سەرۆک، هێشتا ئامادەیە لەگەڵ زێلێنسکی کۆببێتەوە، دوای ئەوەی خۆی داوای دیداری کرد. ئەگەر دەیەوێ کۆببێتەوە، با بێتە مۆسکۆ، گەرەنتیی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتییەکەی دەکەین، ئەو سەلامەتییەی وەک من بزانم لە کیێڤ مسۆگەر ناکرێت".
لاڤرۆڤ رایگەیاند، لە دیپلۆماسی و ژیانی راستەقینەدا ئەوەی داوای دیدار دەکات مەرج دانانێت.
ئامادەبوونی لاڤرۆڤ لە کۆبوونەوەی دوو رۆژەی گرووپی 20 لە شاری ئەتڵەنتای ویلایەتی جۆرجیا، کێشەی لەنێو شاندە بەشدارەکان دروستکرد، بە جۆرێک پلانی وێنەگرتنی نەریتیی کۆتایی هەڵوەشێندرایەوە بەهۆی ناڕەزایەتیی شاندەکانی ئەورووپا لە دەرکەوتن لە تەنیشت وەزیری دەرەوەی رووسیا.
سەرەڕای ئەوەش، لاڤرۆڤ رایگەیاند کە گفتوگۆیەکی کورت بەڵام "شایستە و باش"ی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنجامداوە بەهۆی ئەوەی وەک میوانداری لووتکەکە ئەرکی زۆری لەسەر شان بووە. لاڤرۆڤ ستایشی هەڵوێستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی کرد و بە تەنیا لایەنی رۆژئاوایی ناویبرد کە لە "هۆکارە بنەڕەتییەکانی" جەنگی ئۆکراینا تێدەگات، هاوکات رەخنەی لە "بایکۆتکردنی لووتبەرزانە"ی وڵاتانی ئەورووپا گرت.
رەخنە لە دەستوەردانی ئەورووپا و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان
وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی لەو نیگەرانییانەی نێو یەکێتیی ئەورووپا کرد کە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەلیکساندەر ستوب، سەرۆکی فینلاندا و یۆناس گار ستۆرە، سەرۆکوەزیرانی نەرویج لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین دروستبوون و گوتی: "ئابڕووچوونێک لەنێو خێزانی بەڕێزی ئەورووپیدا دروستبووە لەسەر ئەوەی ستوب و ستۆرە پەیوەندییان بە سەرۆک پووتینەوە کردووە. ئەوان دەڵێن پێشوەختە هەمووانیان لە پەیوەندییەکە ئاگادارکردووەتەوە و دواتریش ناوەڕۆکەکەیان گێڕاوەتەوە. بۆ هەمووان روونە کە ئەورووپییەکان دەیانەوێ بە هەر نرخێک بێت خۆیان بخزێننە نێو پرۆسەی دانوستاندنەکان تاوەکو تەنیا بۆ رووسیا و ئەمریکا نەمێنێتەوە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە ئەورووپا چی دەوێ، بەڵکو ئەوەیە ئایا لە راستیدا دەتوانێت چ بەهایەکی نوێ بۆ دانوستاندنەکان زیاد بکات؟"
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی دیپلۆماسی، لاڤرۆڤ گوتی کە مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان رووسیا، ئەمریکا و شارەزایانی ئۆکراینی لە ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆکان لە کاتی خۆیاندا دەکرێن. هاوکات سەبارەت بە ئەگەری سازدانی لووتکەیەکی سێقۆڵی لەنێوان سەرکردەکانی رووسیا، چین و ئەمریکا لە کاتی لووتکەی داهاتووی ئاپیک (APEC) لە شاری شێنزین لە چین، لاڤرۆڤ گوتی: "ئەم بیرۆکەیە لە هەر سێ پایتەختەکە پێشوازییەکی ئەرێنی لێکراوە، رێکخستنە لۆجستی و کارگێڕییەکانیش لەلایەن لایەنی چینییەوە دەکرێن و بێگومان لەم هەلومەرجەدا کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە زۆر پێویستە."
سەرەڕای گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان، لاڤرۆڤ هەوڵەکانی ئۆکراینای بۆ بەدەستهێنانی مووشەکی مەودادوور بە ئاستەنگ لەبەردەم دروستبوونی کەشێکی لەبار بۆ دانوستاندنەکان ناوبرد، هەروەها چالاکییەکانی ئەورووپای بە هۆکاری پاشەکشێ لە پێشنیازەکانی پێشووی ئەمریکا زانی کە مۆسکۆ پشتیوانی لێدەکردن. ئەم لێدوانانە هاوکات بوون لەگەڵ راگەیاندنی بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ پەسندکردنی فرۆشتنی 500 مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت بە ئۆکراینا.



