رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی کەنەدا سزای 16 ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەر ئەندامێکی داعشدا سەپاند کە بە تاوانی پەیوەندیدار بە تێرۆر تۆمەتبار کرابوو.
لە 1ی نیسانی 2023دا پۆلیسی هاتووچۆی ڤانکۆڤەر و پۆلیسی شاری سێری رایانگەیاند، کەسێک بە ناوی عەبدولعەزیز قەوامیی تەمەن 31 ساڵ، دوای ئەوەی سەرکەوتبووە نێو پاسێک بە چەقۆ کەسێکی بریندار کردبوو. لە کاتی دەرکردنی لە پاسەکە، قەوامی رایگەیاند کە بەیعەتی خەلیفەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) داوە.
چەند خولەکێک بەر لەم رووداوە، قەوامی لە وێستگەی پاسەکە لە پیاوێکی دیکە نزیک ببووەوە و بە چەقۆ هەڕەشەی لێکردبوو و دوای کەوتبوو، بەڵام هاووڵاتییە هەڕەشەلێکراوەکە توانیبووی هەڵبێت و خۆی رزگار بکات.
پۆلیس قەوامی دەستگیرکرد و دواتریش لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی لە پۆلیسی هاتوچۆوە گوێزرایەوە بۆ تیمی جێبەجێکردنی هاوبەشی ئاسایشی نیشتمانی لە کەنەدا.
لە 30ی حوزەیرانی 2026دا دادگای باڵای هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیای کەنەدا قەوامی بە تاوانبار ناساند لە هەوڵی کوشتن لە بەرژەوەندی یان بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپێکی تێرۆریستی و هێرشکردن بە چەک لە بەرژەوەندی یان بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپێکی تێرۆریستی، بەڵام دیاریکردنی سزاکەی دواخرا.
لە 29ی تشرینی یەکەمی 2026دا دادگا سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەوڵی کوشتن و 20 مانگی دیکەی زیندانیکردنی بۆ هێرشکردن بە چەک بەسەردا سەپاند، کە کۆی گشتییەکەی دەکاتە 16 ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردن.



