رووداو دیجیتاڵ لە نوێترین ئاماری پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە ئیسپانیا، گیانلەدەستدانی 69 کەس پشتڕاستکرایەوە. لە ئێستاشدا تیمەکانی فریاگوزاری بە چڕی سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمەکانن و دادوەریش ناوچەکەی بە تەواوی کەرەنتین کردووە بۆ پاراستنی بەڵگەکانی رووداوەکە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کەناڵی "تێلەسینکۆ"ی ئیسپانی (هاوبەشی تۆڕی میدیایی رووداو لە ئینێکس)، ئێستا لە شوێنی رووداو، لەپێشینەی کاری تیمەکان دۆزینەوەی پاشماوەی تەرمی قوربانییەکانە تاوەکو بتوانرێت ناسنامەکانیان دیاری بکرێت. لەوبارەیەوە بەرگریی شارستانیی ئیسپانیا داوای لە کەسوکاری تەواوی بێسەروشوێنبووان کردووە بە مەبەستی وەرگرتنی سامپڵی (DNA) سەردانی بنکەکانیان بکەن. لەبارەی رێوشوێنە ئەمنییەکان، پەیامنێری تێلەسینکۆ ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 500 کەس لە تیمەکانی فریاگوزاری بەشدارن لە هەوڵەکانی لابردنی پاشماوەی شەمەندەفەرەکان. هاوکات لەسەر بڕیاری دادوەر، بۆ ئەوەی شوێنی کارەساتەکە بە دەستلێنەدراوی بمێنێتەوە و هیچ بەڵگەیەک نەشێوێنرێت، ناوچەکە بە تەواوی گەمارۆ دراوە و تەنیا تیمەکانی فریاگوزاری دەتوانن بچنە ناوچەکە؛ هەر لەبەر ئەو هۆکارەش رۆژنامەڤانان لە دووریی دوو کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکە جێگیر کراون و رێگەی جووڵەیان پێنادرێت. هەر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری پێکدادانەکە، بەرگریی شارستانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ی خستووەتە گەڕ و لە رێگەی وێنەی سێ رەهەندییەوە نەخشەی تەواوی ناوچەکەی کێشاوە، تاوەکو بە وردیی پشکنین بۆ چۆنیەتیی رووداوەکە بکرێت.
جیهان30-10-2026رێکخراوی پەناگەکانی ژنانی ئەڵمانیا: سێ چارەکی ئەو ژنانەی لە تووندوتیژیی خێزانی هەڵاتوون کۆچبەرن