رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، دادگەیەکی ئەو وڵاتە سزای 42 مانگ زیندانیکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی سووریاییدا سەپاندووە، بەهۆی ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی و هاککردنی پێگە نێودەوڵەتییەکان لە بەرژەوەندیی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دادی ئەمریکا، ئەحمەد عومەر ئاغا، تەمەن 32 ساڵ، کە بە ناسناوی "Th3Pro" ناسراوە، لەگەڵ چەند هاوبەشێکی دیکەیدا ماڵپەڕ و تۆڕی میدیا رۆژئاواییەکان، کۆمپانیا بازرگانییەکان، رێکخراوە ناحکومییەکان و دامەزراوە حکومییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان هاککردووە، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی رژێمی پێشووی سووریا.
ئەو گرووپەی ئەحمەد کاری لەگەڵدا دەکرد و بە "سوپای ئەلیکترۆنیی سووریا" دەناسرا، لەلایەن کەسانی نزیک لە ئەسەدەوە ئاراستە دەکرا.
جۆن ئایزێنبێرگ، یاریدەدەری داواکاری گشتیی ئەمریکا لەو بارەیەوە گوتی، "ئەحمەد ئاغا شارەزایی و تواناکانی خۆی لە بواری هاککردندا خستبووە خزمەت رژێمی ئەسەد بۆ بێدەنگکردنی ئەو راپۆرتە میدیاییانەی باسیان لە تاوانەکانی رژێم دەکرد، هەروەها بۆ ترساندنی نەیارانی دەسەڵات و هاندانی سەربازانی ئەمریکی تاوەکو گوێڕایەڵی فەرمانە سەربازییەکان نەبن."
هاککردنی هەژماری تویتەر و زیانی 136 ملیار دۆلار
دیارترین کردەوەی هاککردنی ئەو گرووپە لە ساڵی 2013 بوو، کاتێک هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەری ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکییان کۆنترۆڵ کرد و هەواڵێکی ساختەیان بڵاوکردەوە کە گوایە لە دوو تەقینەوەدا لە کۆشکی سپی، باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بریندار بووە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا روونیکردەوە کە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە ساختەیە شۆکێکی گەورەی لە بۆرسەی ئەمریکادا دروستکرد و بووە هۆی داڕمانی کتوپڕی پشکەکان لە بازاڕی داو جۆنز بە بەهای 136 ملیار دۆلار.
لە هەمان دۆسیەدا، کەسێکی دیکە بە ناوی فیراس دەردار تۆمەتبار کراوە کە تاوەکو ئێستا هەڵاتووە و دەستگیر نەکراوە. هاوکات کەسی سێیەمی بەشدار لەم هێرشانە کە ناوی پیتەر رۆمارە، پێشتر رادەستی ئەمریکا کرایەوە و لە ئەیلولی ساڵی 2016دا لە بەردەم دادگەدا دانینابوو بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە هاککردن.



