رووداو دیجیتاڵ
گرووپەکانی قاچاخچیی مرۆڤ بە بەلەمێکی تایبەت کە بە رەنگەکانی ئاڵای کوردستان نەخشێندراوە کۆچبەران دەگوازنەوە بۆ بەریتانیا. بەرپرسانی بەریتانیا دەڵێن قاچاخچییە کوردەکان "گاڵتەمان پتدەکەن" و "پۆلیسی بەلجیکاش تەنیا تەماشای رۆیشتنی بەلەمەکان دەکات."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2026 میدیای بەریتانیا ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا زیاتر لە 20 کەس لەنێو بەلەمێکدان لە کەناراوەکانی بەلجیکا. بەلەمەکە وەکو جاران رەنگی رەش نییە بەڵکو رەنگەکانی سوور و سپی و سەوز و زەردی تێدایە کە رێک هاوشێوەی ئاڵای کوردستانە. کۆچبەرەکان کاژێر 3:00ی بەرەبەیان بە کاتی ئەورووپا لە نزیک سنووری فەرەنساوە بەڕێکەوتوون.
شایەتحاڵێک دەڵێ، بەلەمەکە پێنج مەتر لە کەناراوەکانەوە دوور بووە و پۆلیسی بەلجیکا هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ راگرتنی، لە کاتێکدا دەکرا زۆر بە ئاسانی بەلەمەکە "کون" بکەن و رێگری لە رۆیشتنی بکەن.
سەرکردەکانی بەریتانیا رەخنە دەگرن
ئەم رووداوە رەخنەی تووندی ئۆپۆزیسیۆنی بەریتانیای لێکەوتەوە؛ کریس فیلپ، وەزیری ناوخۆی حکومەتی سێبەری پارتی پارێزگاران رایگەیاند، قاچاخچییە کوردەکان بە ئاشکرا بەم بەلەمەیان "گاڵتە بە حکومەتی بەریتانیا دەکەن" لە کاتێکدا پارتی دەسەڵاتدار بەڵێنی لەناوبردنی باندەکانی دابوو.
فلیپ ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنی گەڕاندنەوەی کۆچبەران لەگەڵ فەرەنسا شکستی هێناوە و تەنیا چارەسەر ئەوەیە بەریتانیا لە رێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا بچێتە دەرەوە تاوەکو راستەوخۆ دیپۆرتیان بکاتەوە.
نایجڵ فەراژ، سەرۆکی پارتی ریفۆرمی بەریتانیا گوتی، "پۆلیسی بەلجیکا و فەرەنسا تەنیا وەستاون و تەماشا دەکەن و، باندەکانی قاچاخچێتی پێمان پێدەکەنن."
دەزگای نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەریتانیا پێشتر لە کۆبوونەوەی لیژنەی کاروباری ناوخۆی پەرلەمان رایگەیاندبوو، کوردی عێراق و هاووڵاتییانی ئەفغانستان بەشێکی بەرچاو لە تۆڕەکانی قاچاخچێتیی کۆچبەران لەو نۆکەندەدا پێکدەهێنن؛ تەنانەت لە ساڵی 2024دا 18 ئەندامی باندێکی قاچاخچی کە زۆربەیان کورد بوون لە فەرەنسا سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا و بە بەرپرسیاری پەڕینەوەی 10 هەزار کۆچبەر دانران، لەوانەش سەرۆکی باندەکە بە ناوی (میرخان رەسوول) کە سزای 15 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
پەڕینەوەی کۆچبەران لە کەنداوی ئیگلیزەوە بۆ بەریتانیا یەکێکە لە گەورەترین گرفتەکانی ئەو وڵاتە. بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە لە 7ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە هیچ بەلەمێک نەگەیشتووەتە بەریتانیا و ئەگەر ئەم بەلەمە نوێیە بگات دەبێتە یەکەمین بەلەم لە دوای ئەو رێکەوتەوە.
کێشەی کۆچبەران بەردەوامە و لەدوای دەستبکاربوونی حکومەتی پارتی کرێکارانەوە تاوەکو ئێستا 85 هەزار و 649 کۆچبەر لەڕێگەی بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا. لەم ژمارەیەش 8 هەزار و 466 کۆچبەر تەنیا لە دوای مانگی تەممووزەوە گەیشتوون.
سەرەڕای رێککەوتنە ئەمنییەکان و تەرخانکردنی بودجەی گەورە لە نێوان لەندەن و پاریس بۆ چاودێریکردنی کەناراوەکان، تۆڕەکانی قاچاخچێتی بەردەوامن لە گواستنەوەی کۆچبەران، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی سیاسیی تووند لە نێو پارتەکانی بەریتانیا سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و مانەوە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا.

.webp&w=3840&q=75)