رووداو دیجیتاڵ
جێگری نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، بڕیارنامەی 2231 بەسەرچووە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشیش لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبوو.
غوڵامحوسێن دەرزی، جێگری نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ سێشەممە 27-10-2026 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رایگەیاند، "ئەم کۆبوونەوەیە هیچ بنەمایەکی یاسایی و باوەڕپێکراوی نییە، ئێمە بە تەواوی رەتی دەکەینەوە."
غوڵامحوسێن دەرزی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارنامەی 2231 لە 18ی ئۆکتۆبەری 2025 بەسەرچووە، لەو کاتەوە هیچ کاریگەرییەکی یاسایی نەماوە. هەروەها رەخنەی لە هەڵوێستی ئەنجوومەنەکە گرت و رایگەیاند، "ئەنجوومەنی ئاسایش لە بەرامبەر دەستدرێژییە سەربازییەکان و هەنگاوە نادیپلۆماسییەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بێدەنگ و دەستەوەستان بووە."
لە بەرامبەردا رافایێل ماریانۆ گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە هەمان کۆبوونەوەدا جەختی لە پێویستیی گەڕانەوەی پشکنەرانی نێودەوڵەتی بۆ ئێران کردەوە و رایگەیاند، داوایان کردووە پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان، هەروەها ناوەندی ئاوی قورس و دامەزراوەی توێژینەوەی ئاوی قورسی ئەراک بکەن، بەڵام داواکارییەکانی ئاژانس جێبەجێ نەکراون.
بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 20ـی تەمووزی 2015 بۆ چەسپاندنی رێککەوتنی ئەتۆمی لەنێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 دەرچوو. بەپێی بەندەکانی رێککەوتنەکە، لە 18ـی ئۆکتۆبەری 2025 ماوەی یاسایی بڕیارنامەکە و سەرجەم سنووردارکردن و پابەندییەکانی تێیدا هاتبوون، کۆتاییان پێهات.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و رێگری لە چەکی ئەتۆمی، رۆژی سێشەممە، 27ی ئۆکتۆبەری 2026 لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە بەڕێوەچوو کە ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە 9ـی سێپتەمبەری 2026 دۆسیەی ئێرانی رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.


