رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەتوانن بەبێ پشتپەستن بە واشنتن، کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر بکەن و جەختی لە زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تاران و مۆسکۆ کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27-10-2026، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مۆسکۆ، سوپاسی پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتەی لە پرسە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکاندا کرد و گوتی، هەنگاو و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، تاران و مۆسکۆ هان دەدات زیاتر بەرەو فرەلایەنی و هاوکاریی هاوبەش هەنگاو بنێن.
پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتەکانی واشنتن وادەکات پەیوەندی و هاوئاهەنگی نێوان ئێران و رووسیا و هەموو ئەو وڵاتانەش فراوانتر بێت کە رووبەڕووی سزای تاکلایەنانەی ئەمریکا بوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران تیشکی خستە سەر دۆخی ناوچەکە و گوتی: "پێم وایە ئێمە دەتوانین بەبێ ئەوەی گرێدراوی ئەمریکا بین، کێشەکانی خۆمان لە ناوچەکەدا چارەسەر بکەین. دۆخەکە بەو جۆرە نییە ئەگەر ئەمریکا نەبێت، نەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین. ئەگەر ویست هەبێت، دەتوانین لە هەموو بوارە زانستی، ئابووری، پیشەسازی، کولتووری، ئەمنی و سەربازییەکاندا پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین و هاوکاریی یەکدی بکەین."
پزیشکیان دوێنێ دووشەممە بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەشتەمین لووتکەی سەرکردەکانی "کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری گاز" چووە رووسیا.


