رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنی گشتیی ئیسرائیلدا رێژەی بەشداریی دەنگدەران ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە گەیشتە 66.7٪، ئەمەش بەرزترین رێژەی تۆمارکراوە لە مێژووی وڵاتەکەدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، رێژەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە هەمان کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022 بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە لەو کاتەدا 57.7٪ بوو.
دین لیڤنی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتە زیاتر لە 4.8 ملیۆن دەنگدەر دەنگی خۆیان داوە.
لیڤنی ئاماژەی بەو شار و ناوچانە کرد کە کەمترین رێژەی بەشدارییان تێدا تۆمار کراوە، لەوانە شارۆچکەی مەجدەل شەمس لە بەرزاییەکانی گۆلان کە تەنیا 26.3٪ی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان کردووە؛ هەروەها شارۆچکەی غەجەر کە رێژەی بەشداری تێیدا 28.6٪ بووە.
لە بەرامبەردا، چەندین ناوچە بەشدارییەکی زۆر بەرزیان تۆمارکردووە، لەوانە شارۆچکەی یوڤال لە ناوچەی جەلیل بە رێژەی 91.5٪، کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بەیت هۆگلا بە رێژەی 88.2٪، و ناوچەی حەزۆن لە باکووری ئیسرائیل بە رێژەی 87٪.
سەبارەت بە دەنگی تایبەتی سەربازان، زیندانیان، کارمەندانی تەندروستی و نوێنەرانی ئیسرائیل لە دەرەوەی وڵات، لیڤنی گوتی: "سبەی دەست بە جیاکردنەوەی دەنگە تایبەتەکان دەکەین. گرنگە لە ئێستاوە بگوترێ بەهۆی ئەم رێژە بەرزەی بەشدارییەوە، رەنگە ژمارەی دەنگە تایبەتەکان لەوە زیاتر بێت کە پێشبینیمان دەکرد."
هەروەها گوتیشی: "هەربۆیە رەنگە جیاکردنەوەی دەنگەکان لە شەوی پێنجشەممەدا تەواو نەبێت و بگاتە بەیانیی رۆژی هەینی، بەڵام هەموویان دەژمێرین."
هاوکات سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە رێژەی بەشداری لەنێو سەربازانی سوپادا زۆر بەرزبووە و تاوەکو کاژمێر 05:00ـی ئێوارە 68٪ی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2022دا ئەو رێژەیە 65٪ بوو.



