رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ سێشەممە پلانێکی نوێی خستەڕوو بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی ئاژانسی پاراستنی سنوورەکان (فرۆنتێکس). بەپێی پلانەکە، ئاژانسەکە راستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەکات و هێزێکی یەدەگی 17 هەزار کەسیش بۆ پاراستنی سنوورەکان پێکدەهێندرێ.
ئەم گۆڕانکارییە هەوڵێکی دیکەی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆچی نایاسایی، بەتایبەت دوای ئەوەی ناڕەزایەتییەکانی شەقام بەرامبەر بەم پرسە بووەتە هۆی بەهێزبوونی پارتە راستڕۆکان لەسەرانسەری کیشوەرەکەدا.
بەپێی پێشنیازەکەی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، فرۆنتێکس دەبێتە سەرپەرشتیاریی سەرەکی لە رێکخستنی پرۆسەی دەرکردنی ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان پێنادرێ. لەم بارەیەوە ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە گوتی: "ئەورووپا هەمیشە بەرگری لە سنوورەکانی دەکات. ئەوە ئەورووپایە کە بڕیار دەدات کێ دێتە نێو یەکێتییەکەمان و لە چ بارودۆخێکدا دێت."
زیادکردنی هێز بۆ 30 هەزار کارمەند
بەپێی پلانەکە، ژمارەی کارمەندانی هەمیشەیی فرۆنتێکس سێ بەرامبەر دەکرێ و دەگاتە نزیکەی 30 هەزار کارمەند. لەو ژمارەیە 17 هەزاریان وەک هێزی یەدەگ لە وڵاتانی خۆیان دەمێننەوە و تەنیا لە کاتی پێویستدا لەژێر ناوی "هێزی یەدەگی ئەورووپی بۆ سنوور و گەڕاندنەوە" بانگهێشت دەکرێن.
هەروەها لە کاردانەوەی قەیرانەکەی ئەم ساڵی شاری سیوتای ئیسپانیا کە زیاتر لە 70 هەزار کۆچبەر بەهۆی پڕوپاگەندەی سۆشیاڵ میدیاوە لە مەغریبەوە روویان لەو شارە ئیسپانییە کرد، پێشنیاز کراوە "هێزێکی کاردانەوەی خێرا" و ناوەندێکی چاودێریکردنی سۆشیاڵ میدیا دابمەزرێت.
رۆڵی فرۆنتێکس لە 'سەنتەرەکانی گەڕاندنەوە'
یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاژانسەکە لە قۆناخی ناسینەوەی کۆچبەران و ئامۆژگاریکردنیان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، تاوەکو جێبەجێکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە و یارمەتیدانیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگەکانیان، هاوکاریی وڵاتانی ئەندام دەکات.
جگە لەوەش، دەسەڵات بە فرۆنتێکس دەدرێ تاوەکو سەرپەرشتیی "سەنتەرەکانی گەڕاندنەوە" بکات کە پێکهاتوون لەو کەمپانەی بڕیارە بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتییەکە دروستی بکەن بۆ هێشتنەوەی ئەو پەناخوازانەی رەتدەکرێنەوە.
ئاژانسی فرۆنتێکس کە لە ساڵی 2004 بۆ چاودێریکردنی سنوورەکانی ناوچەی شنگن دامەزرا، جاروبار رووبەڕووی رەخنەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەبێتەوە و بەوە تۆمەتبار دەکرێ کە پەناخوازان "بە نایاسایی و بە زۆر" رەوانە دەکاتەوە. هەرچەندە ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە کە لە نۆ مانگی سەرەتای 2026دا بەزاندنی نایاسایی سنوورەکان بەرێژەی یەک لەسەر سێ کەمیکردووە، بەڵام پرسی کۆچبەران هێشتا لە گەرمترین بابەتی نێو ململانێ سیاسییەکانی ئەورووپایە.



