رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە بەیاننامەیەکی هاوبەشی بە بەشداریی 30 دەوڵەتی دیکەی جیهان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هۆشداریی دەدەن لەوەی دەبێت هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی "داڕمانی مەترسیداری" ئاسایشی خۆراک لە سوودان بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە.
کارمەندانی فریاگوزاری مەزەندە دەکەن جەنگی نێوان هێزە چەکدارەکانی سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (ئاڕ ئێس ئێف)، کە لە نیسانی 2023دا هەڵگیرسا، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 200 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 13 ملیۆن کەسی دیکە؛ بەمەش گەورەترین قەیرانی برسییەتی و ئاوارەبوونی لەسەر ئاستی جیهاندا درووستکردووە.
لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە: "مەترسیی سەرهەڵدانی برسییەتی لە مانگەکانی داهاتوودا، وەک ئەوەی لەلایەن سیستمی پۆلێنبەندیی قۆناخەکانی ئاسایشی خۆراکی هاوبەشەوە هۆشداریی لێدراوە، پێویستی بە هەنگاوی بەپەلەیە؛ هیچ کاتێک لەبەردەستدا نییە بۆ بەفیڕۆدان تاوەکو گیانی خەڵک رزگار بکرێت و رێگری لە برسییەتی بکرێت."
بەپێی بەیاننامەکە، زیاتر لە 40%ـی دانیشتووانی سوودان، کە دەکاتە نزیکەی 19.5 ملیۆن کەس، رووبەڕووی برسیەتی بوونەتەوە و 5 ملیۆن کەسیش لە ئاستی باری نائاساییدان.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "بەبێ گرتنەبەری رێکاری بەپەلە بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئاراستەی ئێستای دۆخەکە، رەنگە ژمارەی ئەو منداڵانەی بە دەست بەدخۆراکیی تووندەوە دەناڵێنن لەو 825 هەزار منداڵە تێپەڕێت کە پێشبینی کراوە؛ هەروەها چاوەڕوان دەکرێت رووبەری ئەو ناوچانەی رووبەڕووی قیرانی کەمی خۆراک بوونەتەوە بۆ دوو هێندە بەرزببێتەوە."
ئەو 31 وڵاتەی بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە، داوایان لە هەردوو لایەنی شەڕکەری سوودان کرد "سەرجەم بەربەستەکانی بەردەم هاوکارییە مرۆییەکان لابدەن، رێگە بدەن و ئاسانکاری بکەن بۆ گەیشتنی تەواو، سەلامەت، خێرا و بێئاستەنگی هاوکارییە مرۆییەکان، و گیانی سەرجەم کارمەندانی فریاگوزاری بپارێزن."
ئەو بەیاننامەیەی کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە راگەیێندرا، لەلایەن حکومەتی 31 دەوڵەتەوە واژۆی لەسەر کرا کە بریتین لە: ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، کەنەدا، کرواتیا، قوبرس، کۆماری چیک، دانیمارک، ئیستۆنیا، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئێرلەندا، ئیتاڵیا، مەجارستان، لاتیڤیا، لۆکسمبۆرگ، ماڵتا، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، پورتوگال، رۆمانیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤێنیا، ئیسپانیا، سوید و سویسرا.



