رووداو دیجیتاڵ
لە پێناو تەرخانکردنی سەرچاوەی دارایی زیاتر بۆ تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت پێشنیازی وازهێنانی ئارەزوومەندانە بە قەرەبووی داراییەوە دەخاتە بەردەم نزیکەی 60 هەزار کارمەند، کە دەکاتە نزیکەی چارەکێکی تێکڕای هێزی کاری کۆمپانیا زەبەلاحەکەی بواری تەکنەلۆجیا.
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە ئەم پێشنیازە نوێیە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانە لە کاتێکدا کۆمپانیاکە پارەیەکی یەکجار زۆر لە ژیریی دەستکرددا وەبەردەهێنێت. گوتەبێژێکی مایکرۆسۆفت ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بژاردەیە ئەو کارمەندانە دەگرێتەوە کە لە ئاستی جێگری سەرۆک و خوارترن لە چەند تیمێکی دیاریکراو لە ئەمریکا، کەنەدا، هیندستان و بەریتانیا، بەڵام کارمەندانی هەندێک بەشی وەک داتاسەنتەرەکان، فرۆشتن و بەبازاڕکردن ناگرێتەوە.
ئامانجی ستراتیجی و لێدوانی بەرپرسانی کۆمپانیا
ئەیمی کۆڵمان، جێگری جێبەجێکاری سەرۆک و بەرپرسی سەرەکیی سەرچاوە مرۆییەکان، لە نامەیەکدا بۆ کارمەندان دەڵێت: "ئەم پێشنیازەی وازهێنانی ئارەزوومەندانە، بەشێکی گرنگی شێوازی بەرەوپێشبردنی مامەڵەمانە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا، بە مەبەستی رەخساندنی نەرمی و ئاسانکاریی زیاتر، هەروەها دابینکردنی بژاردەی زیاتر بۆ کارمەندان تاوەکو خۆیان بڕیار لە قۆناخی داهاتووی ژیانیان بدەن."
ئەمە دووەم جارە لەمساڵدا مایکرۆسۆفت بژاردەی وازهێنانی ئارەزوومەندانە دەخاتە بەردەم کارمەندەکانی. لە مانگی نیسانی رابردوودا، کۆمپانیاکە بژاردەی خانەنشینبوونی پێشوەختەی خستە بەردەم نزیکەی 7%ـی کارمەندەکانی لە ئەمریکا، کە بەپێی تۆڕی سی ئێن بی سی (CNBC)، نزیکەی 30%ـی ئەو کارمەندانەی بژاردەکە دەیانگرتنەوە، پلانی خانەنشینبوونی ئارەزوومەندانەیان قبووڵ کرد.
چاوەڕوانییەکان بۆ راپۆرتی دارایی
بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان، کۆمپانیاکە لە قۆناخی گواستنەوەدایە بۆ سەر ژێرخانێکی پێشکەوتووی زیرەک. چاوەڕێ دەکرێت یەکشەممەی داهاتوو کۆمپانیای مایکرۆسۆفت راپۆرتی داهاتی چارەکە ساڵی خۆی بڵاوبکاتەوە و تیشک بخاتە سەر خەرجی و قازانجەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ژیریی دەستکردەوە.



