رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رۆژی سێشەممە رایگەیاند، هێرشێکی رووسیا زیانی بە پردێکی سەرەکی گەیاندووە کە دەکەوێتە سەر رووباری دنیپرۆ لە پایتەختی ئۆکراینا، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشێکی مووشەکی بالیستی بەرەو کیێڤ.
ڤیتالی کلیتچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە هەژماری خۆی لە تەلەگرام نووسیویەتی: "هێرشێک کرایە سەر پردی باشوور. هەروەها ژێرخانی میترۆ لەسەر پردەکە زیانی بەرکەوتووە."
هاوکات بەرپرسانی شارەکە ئەوەشیان باس کرد کە گەشتەکانی شەمەندەفەر بەسەر پردەکەدا راگیراون.
هاوکات مووشەکە بالیستییەکانی
رووسیا لە کەمپێکی زانکۆ، باڵەخانەیەکی کارگێڕی و چەند دامەزراوەیەکی پزیشکییان
پێکا.
کیێڤ، کە ژمارەی دانیشتووانی سێ
ملیۆن کەسە، لەم مانگانەی دواییدا بەردەوام رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بالیستیی
رووسیا بووەتەوە، لە کاتێکدا مۆسکۆ قەیرانی کەمیی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی
ئۆکراینا دەقۆزێتەوە. هەرچەندە هێرشەکانی رووسیا لە بەرەکانی جەنگدا خاو
بوونەتەوە، بەڵام مۆسکۆ ستراتیجیی هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی بۆ سەر شارەکانی ئۆکراینا
هەڵبژاردووە.
بە گوتەی کلیتچکۆ، لە دوایین
هێرشی رووسیادا لانی کەم کەسێک کوژراوە و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون. زۆربەی
بریندارەکان قوتابیی زانکۆن و نۆ کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون. هەروەها ئاماژەی
بەوە کرد کە کارمەندێکی فریاگوزاری، تەکنیکارێکی پزیشکی و قوتابییەکی زانکۆی تەمەن
20 ساڵ لە نێو بریندارەکاندان.
ڤلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی
ئۆکرایناش رایگەیاند کە رووسیا هێرشی کردووەتە سەر زانکۆیەک لە شارەکە، لەگەڵ
پارکی ناسراوی کیۆتۆ و چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون.
میدیای ئۆکراینی بڵاویانکردەوە،
دەوروبەری کاژێر 09:45 خولەکی شەو بە کاتی ناوخۆ، دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە
ناوچەکانی پۆدیلسکی و ئۆبۆلۆن بیستراون. ئەمەش چەند خولەکێک دوای ئەوە هات کە هێزی
ئاسمانیی ئۆکراینا هۆشداریی دا لەبارەی هێرشی مووشەکی بالیستی و جۆری دیکە بەرەو
کیێڤ.
کلیتچکۆ گوتی، دەنگی تەقینەوە لە
نزیک وێستگەیەکی میترۆ لە ناوچەی دێسنیانسکی بیستراوە کە تێیدا ئۆتۆمبێلێک زیانی
بەرکەوتووە. هەروەها دوو دامەزراوەی پزیشکی لە ناوچەی دنیپرۆڤسکی زیانیان بەرکەوتووە.
لە یەکێک لەو دوو شوێنە، شەپۆلی تەقینەوەکان شووشەی پەنجەرەکانی بەشی چاودێریی
چڕیان شکاندووە و پەنجەرەی شوێنەکەی دیکەش شکاون.
دەزگای فریاگوزاریی ئۆکراینا (DSNS) رایگەیاند، باڵەخانەیەکی بازرگانیی سێ نهۆمی لە ناوچەکە
"بەشێکی وێران بووە"، کە تێیدا تەرمی کەسێک دۆزراوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی سەربازیی شاری کیێڤیش ئاماژەی بەوە کرد کە لەو هێرشەدا زیان بە قوتابخانەیەک
گەیشتووە. دەزگای فریاگوزاریی ئۆکراینا گوتیشی: "باڵەخانەکانی نێو کەمپی زانکۆکە،
بەشەناوخۆییەکان و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی نزیک رووداوەکە لە ناوچەی دێسنیانسکی
زیانیان بەرکەوتووە."
چەند کاژێرێک دواتر، لە نیوەشەودا
شەپۆلێکی دیکەی هێرشی مووشەکی بالیستی کرایە سەر شارەکە. دەوروبەری کاژێر 03:30ـی
بەرەبەیان قۆناخێکی نوێی تەقینەوەکان روویاندا. لە ماوەی سێ خولەکدا لانیکەم حەوت
تەقینەوە شارەکەیان هەژاند، ئەوەش کەمێک دوای هۆشداریی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا
بوو. دوای 15 خولەک، تەقینەوەیەکی دیکە بەبێ هیچ هۆشدارییەکی پێشوەختە روویدا.
سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ ئاماژەی
بەوە کرد کە شەپۆلی دووەمی مووشەکەکان باڵەخانەیەکی کارگێڕییان لە ناوچەی پۆدیلسکی
پێکاوە، هەروەها چەند باڵەخانەیەکی دیکەش لە دوو شوێنی دیکە کراونەتە ئامانج.
دواتر رایگەیاند کە هێرش کراوەتە سەر پردی باشوور لەسەر رووباری دنیپرۆ، کە یەکێکە
لە رێگە سەرەکییەکانی هاتووچۆی کیێڤ و بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکە بەیەکەوە
دەبەستێتەوە و رۆڵێکی گرنگی هەیە لە هاتووچۆی رۆژانەی سەتان هەزار کەس.
رووسیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا
چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئەو پردە و پردەکانی دیکە، کە پێدەچێت هەوڵێک بێت
بۆ پەکخستنی لۆجستی.
پێشتر لە هەمان شەودا، زیلینسکی
سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داواکارییەکانی بۆ هاوپەیمانان دووپات کردنەوە بۆ
دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی. لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی:
"دواخستنی بەمەبەست لە دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئۆکراینا لە
بارودۆخێکی وەهادا، کە هەڕەشەکان بەردەوامن و هێرشەکان دەکرێت لە هەر ساتێکدا
رووبدەن، یارمەتیدەرە بۆ تیرۆر."
لە شەوی 13 لەسەر 14ی تشرینی
یەکەمدا، لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆسەر کیێڤ 5 کەس کوژران و 25 کەسی دیکە بریندار
بوون. هەروەها لە هێرشێکی دیکەی مووشەکیی بالیستیدا لە شەوی 22ی تشرینی یەکەمدا،
کە ئۆکراینا دەڵێت، تێیدا بۆمبی هێشوویی بەکارهێنراوە، لانیکەم کەسێک کوژرا و 24
کەسی دیکەش لە هەمان شار بریندار بوون.



