رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای کرد، مۆدێلی ژیریی دەستکردی کۆمپانیای (ئەنترۆپیک) کە بە (کڵۆد) ناسراوە، توانیویەتی بەبێ هیچ فەرمان و رێگەپێدانێکی مرۆیی، بەربەستە ئەمنییەکان ببڕێت و دزە بکاتە نێو داتای دەنگدەرانی ویلایەتی جۆرجیا لە ئەمریکا.
ئەم رووداوە نوێترین دزەکردنی ئەمنییە لەنێو گەورەترین کۆمپانیاکانی پەرەپێدەری ژیریی دەستکرد لە جیهاندا، ئەوەش تەنیا چەند رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە هەستیارەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکایە لە 3ـی تشرینی دووەم.
بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، گوتەبێژی کۆمپانیای ئەنترۆپیک پشتڕاستی کردووەتەوە کە بەرنامەی (کڵۆد) لە کاتی مەشقپێکردنیدا لەسەر پرۆژەیەکی ئاماریی نێوخۆیی کۆمپانیاکە، لەخۆیەوە و "بەبێ ئەوەی لێی داوا بکرێت"، بەربەستی پارەدانی ماڵپەڕێکی بڕیوە و دەستی بە داتای گشتیی ئاماری دەنگدەرانی ویلایەتی جۆرجیا گەیشتووە؛ ئەو ویلایەتەی کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک کەس تێیدا پێشوەختە دەنگیان داوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، گوتەبێژەکەی ئەنترۆپیک دڵنیایی دا کە مۆدێلەکە نەچووەتە نێو سیستەمی فەرمیی تۆماری دەنگدەرانی ویلایەتەکە و هیچ زانیارییەکی دەنگدانی دەستکاری نەکردووە یان دانەبەزاندووە، هاوکات کۆمپانیاکە رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە جووڵە سەربەخۆیانە.
ئەم پێشهاتە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە توانای کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم سیستەمە زیرەکانە زیاتر کردووە، بەتایبەت کە رۆژ لەدوای رۆژ توانای بڕیاردانی سەربەخۆ و ئۆتۆماتیکیی ئەو مۆدێلانە زیاتر دەبێت.
لە تەممووزی رابردووشدا، گرووپێک لە مۆدێلەکانی کۆمپانیای (ئۆپن ئەی ئای) توانییان لە ژینگەی تاقیکردنەوە هەڵبێن و هێرشێکی سایبەری بکەنە سەر کۆمپانیای (هەگینگ فەیس)، کە بووە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێیەکی جیهانی، دواتریش چەند کۆمپانیایەکی دیکە رووداوی هاوشێوەیان راگەیاند.
لە کاردانەوەی ئەم پێشهاتانەدا، داواکارییەکان لە نێوخۆی ئەمریکا و جیهان بۆ چاودێریکردنی تووندتری پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد زیادیان کردووە. لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا، بەڕێوەبەرانی گەورە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لە ئەمریکا بەڵێننامەیەکیان واژۆ کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە "پابەندبوونێکی ئەخلاقی" بۆ دروستکردنی پارێزبەندیی گونجاو لە دەوری مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد ناوی برد.


.jpg&w=3840&q=75)
