رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی توونددا وەڵامی لێدوانەکانی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی دایەوە و بە "سەرۆکێکی تەواو نەزان" وەسفی کرد؛ هاوکات هێرشی تووندی کردە سەر بەربژێری دیموکراتەکان لە ویلایەتی میشیگن و داوای لە دەنگدەران کرد دەنگ بە بەربژێرە کۆمارییەکە بدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-10-2026، ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ) نووسی: "ئۆباما سەرۆکێکی تەواو نەزان بوو! ئەو بە ملیاران دۆلار باجی بە ئێران دا و رێگەی بەردەمی بۆ خۆشکردن تاوەکو دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات."
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر شکستی کەمپەینەکانی پێشووی ئۆباما و گوتی: "ئەو دەیگوت هیلاری کلینتنی گەندەڵ هەڵبژاردن دەباتەوە، بە تووندی بانگەشەی بۆ کرد، بەڵام هیلاری لە هەموو لایەک و بە هەموو شێوازێک دۆڕاندی؛ دواتریش بە تەواوی هێزی خۆیەوە بانگەشەی بۆ کامالا هاریس کرد و ئەویش بە هەمان شێوە دۆڕاندی."
عەبدول سەیید "پزیشکێکی ساختەیە"
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا، هێرشی کردە سەر عەبدول سەیید، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی میشیگن کە ئۆباما بانگەشەی بۆ دەکات و نووسیویەتی: "ئێستاش ئۆباما بانگەشە بۆ جیهادییەکی سەر بە ئیخوان موسلیمین دەکات، کە رق و کینەی بەرامبەر جووەکان، رەشپێستەکان، ئەمریکییەکان و ترەمپ هەیە و ئەویش بە هەمان شێوە دەدۆڕێنێت."
ترەمپ دەشڵێت: "ئەو پزیشکێکی ساختەیە، کە بەڕێوەبەری شوێنێکە بە خراپترین کلینیک لە تەواوی ئەمریکادا دادەنرێت. من بە جیاوازییەکی گەورە لە میشیگن بردمەوە؛ پیشەسازیی ئۆتۆمبێلم گەڕاندەوە، بنکەی هێزی ئاسمانی و هەموو شتێکی دیکەم گەڕاندەوە، هەروەها هەلی کارم زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە رەخساندووە."
ترەمپ داوای لە خەڵکی میشیگن کرد دەنگ بە مایک رۆجەرزی بەربژێری کۆمارییەکان بدەن و گوتی: "میشیگن کەسێکی لووتبەرز، لایەنگری سنووری کراوە، پزیشکێکی ساختە و جیهادیی ناوێت، کە بە ئاشکرابوونی زانیاریی زیاتر ناوبانگی هێندەی دیکە خراپتر دەبێت، کە زانیاریی زۆریش لەسەری هەیە. دەنگ بە مایک رۆجەرز بدەن! ئەو هەرگیز نائومێدتان ناکات."
چۆن ئۆباما ئاگری شەڕە قسەکەی هەڵگیرساند؟
ئەم کاردانەوە تووندەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە رۆژی شەممە، باراک ئۆباما لە دوو کۆبوونەوەی جەماوەریی گەورەدا لە دیترۆیت (میشیگن) و کلیڤلاند (ئۆهایۆ)، تووندترین هێرشی کردە سەر ئیدارەکەی ترەمپ بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە 3ـی تشرینی دووەم.
ئۆباما لە گوتارەکەیدا لە میشیگن بە تەواوی پشتیوانی لە عەبدول سەیید کرد لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوەکەی و ئایینی ئیسلام.
ئۆباما هەروەها بە تەنزەوە هێرشی کردە سەر پرۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی ترەمپ لە کۆشکی سپی و خولیای بۆ کەلوپەلی زێڕین و گوتبووی: "ترەمپ کۆشکی سپیی بە جۆرێک لێکردووە وەک ئەوەی سەددام حوسێن لقی چێشتخانەی (چیزکەیک فاکتۆری) لەناو کۆشکەکەدا کردبێتەوە."
ئۆباما ترەمپ و کۆمارییەکانی بە بەرپرسیاری گرانیی بژێوی، پشێوی، گەندەڵی و هەڵگیرساندنی جەنگێکی ناپێویست تۆمەتبار کرد و داوای لە دەنگدەران کردبوو کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس بهێنن.



.webp&w=3840&q=75)