رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا رایانگەیاند، بەهۆی رووداوێکی تەقەکردن لە نزیک یاریگەیەکی تۆپی پێ لە شاری تەڵاهاسی لە ویلایەتی فلۆریدا، لانیکەم 12 کەس بریندار بوون کە شەشیان منداڵن.
رووداوەکە لە کاتی کۆتایی هەفتەی ئاهەنگگێڕانی ساڵانەی زانکۆی (فلۆریدا ئەی ئەند ئێم) لە ناوچەیەکی قەرەباڵخ لە دوای تەواوبوونی یارییەکی تۆپی پێ روویداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لۆرێنس رێڤێڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری تەڵاهاسی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە.
پۆلیسی شارەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن بەر لە دەستپێکردنی تەقەکردنەکە، شەڕەدەست و دەمەقاڵێ لە نێوان چەند کەسێکدا لە شوێنەکە دروستبووە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، 11 لە قوربانییەکان بە گولـلە بریندار بوون و، برینی لانیکەم سێ لە قوربانییەکانیش سەخت و مەترسیدارە.
هاوکات، زانکۆی (فلۆریدا ئەی ئەند ئێم) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، تەقەکردنەکە لە نزیک کەمپی زانکۆکە روویداوە، بەڵام کەمپەکە بە پارێزراوی و سەلامەتی ماوەتەوە.



.webp&w=3840&q=75)