رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بەردەوامیی هەوڵی کۆچبەران بۆ پەڕینەوە لە سنوورەکانی بیلاڕووسیاوە بۆ نێو لیتوانیا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، ئامارە فەرمییەکان دەرخەری داتایەکی دیکەن.
فەرمانگەی کۆچی لیتوانیا لە وەڵامێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێ، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 10 هاووڵاتیی عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتەکە پێشکێش کردووە و ئەم ساڵیش تەنیا یەک کەس مافی پەنابەری وەرگرتووە. ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپاش بە رووداوی راگەیاند، رێژەی پەسندکردنی داواکاریی پەناخوازانی عێراقی لە یەکێتییەکە 21%ـە.
ئامارە فەرمییەکان: کەمبوونەوەی ژمارەی داواکارییەکان
رۆکاس پوکینسکاس، راوێژکاری باڵا لە فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی لیتوانیا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو ئاماژەی بە دابەزینی بەرچاوی ئامارەکان کرد و گوتی: "لە ساڵی 2025دا 16 هاووڵاتیی عێراقی داواکاریی مافی پەنابەرییان پێشکێش کردبوو، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە ئەو ژمارەیە بۆ تەنیا 10 کەس دابەزیوە".
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو 10 کەیسە، پوکینسکاس داتای کۆتایی خستەڕوو کە نیشاندەری رێژەیەکی ئێجگار نزمی وەرگرتنە:
- پێدانی مافی پەنابەری: تەنیا بۆ 1 هاووڵاتیی عێراقی پەسندکراوە
- رەتکردنەوەی فەرمی: 5 داواکاری بە تەواوی رەتکراونەتەوە
- داخستنی پەڕاو: 4 کەیسی دیکە رێکارەکانی پێداچوونەوەیان هەڵوەشێندراوەتەوە یان دۆسیەکانیان داخراوە (کە زۆرجار بەهۆی جێهێشتنی لیتوانیا و رۆیشتن بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەورووپایە).
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپا (EUAA) لە وەڵامێکدا بۆ رووداو گوتی، لە کانوونی دووەمی 2025 تاوەکو حوزەیرانی 2026، سەرجەم ئەو داواکارییانەی هاووڵاتییانی عێراق لە لیتوانیا تۆماریان کردووە 23 داواکاری بووە.
ئاژانسەکە ئەوەشی خستەڕوو، تێکڕای رێژەی پەسندکردنی داواکاریی پەناخوازانی عێراقی لە سەرانسەری وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا لەو ماوەیەدا تەنیا 21% بووە، واتە 79%ی داواکارییەکانی هاووڵاتییانی عێراقی و هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان لە کیشوەرەکەدا رەت دەکرێنەوە.
رێکاری یاسایی پەڕینەوەی نایاسایی و تۆمارکردن لە سنوور
لە بارەی ئەوەی ئایا پەڕینەوەی نایاسایی کار دەکاتە سەر مافی یاسایی داواکردنی پاراستن، فەرمانگەی کۆچی لیتوانیا بۆ رووداوی روونکردەوە کە پەڕینەوەی ناڕێکخراو لە بنەڕەتدا رێگری لە پێشکێشکردنی داواکاریی پەنابەری ناکات.
پوکینسکاس روونیکردەوە: "کاتێک هاووڵاتییەکی بیانی لە سنوور دەستبەسەر دەکرێ و داوای پاراستن دەکات، داواکارییەکەی دەستبەجێ لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە وەردەگیرێ و لە سیستمی ئەلیکترۆنیی کۆچ تۆمار دەکرێ؛ لەو ساتەوە بە فەرمی دۆسیەکە دەدرێتە فەرمانگەی کۆچ بۆ پێداچوونەوە".
بەپێی یاساکانی لیتوانیا، ماوەی دیاریکراو بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان 6 مانگە، ئەگەر بەهۆی کەمیی بەڵگەوە پرۆسەکە پێویستی بە درێژکردنەوە نەبێ.
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بەوەی ئایا ئامارێکی تایبەت بە پەناخوازانی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە یان دۆخەکەیان جیاواز لەوەی هاووڵاتییانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق هەڵسەنگێندرێ، هەردوو فەرمانگەی کۆچی لیتوانیا و ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپا دووپاتیان کردەوە کە هیچ پۆلێنکردنێکی لەو شێوەیە نییە.
پوکینسکاس گوتی: "فەرمانگەی کۆچ ئاماری تایبەت بە هەرێم یان ناوچەکانی نێوخۆی وڵاتان کۆناکاتەوە. سەرجەم داواکاران تەنیا لەسەر بنەمای هەبوونی وڵاتینامەی عێراقی پۆلێن دەکرێن، بەڵام بێگومان لە رووی ئەمنییەوە، مەترسییەکان لەسەر بنەمای تاکەکەسی بۆ هەر کەسێک تاوتوێ دەکرێن".
ئاژانسەکەش جەختی لەوە کردەوە کە هیچ داتایەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە داتابەیسی پەنابەریی ئەورووپادا جیا ناکرێتەوە و رێگەی گەیشتن بە سنوورەکانیش کار ناکاتە سەر بڕیاری کۆتایی کەیسەکان.
شاردنەوەی بەڵگەنامەکان؛ ئاستەنگی یاسایی و مەترسیی لەدەستدانی کەیس
یەکێک لە هەنگاوەکانی کۆچبەران لەنێوبردنی پاسپۆرت و بەڵگەنامە فەرمییەکانە تاوەکو ناسنامەی راستەقینەیان نەزانرێ. فەرمانگەی کۆچی لیتوانیا هۆشداری دەدات لەوەى ئەم کارە نەوەک دەرفەتی مانەوە دروست ناکات، بەڵکو کەیسەکە لەنێو دەبات.
پوکینسکاس لەوبارەیەوە گوتی: "نەبوونی بەڵگەنامە رێکارەکان زۆر ئاڵۆز دەکات و لەو دۆخەدا پەناخواز دەبێت پەنجەمۆری لێوەربگیرێ و لە چاوپێکەوتنێکی چڕدا بیسەلمێنێت کێیە و بۆچی بەڵگەنامەی پێ نییە. لە رووی یاساییەوە پەناخواز دەبێت هاوکار بێت و راستییەکان بڵێت. لەنێوبردنی بەئەنقەستی پاسپۆرت و بەڵگەنامەکان زیانێکی کوشندە بە متمانەی کەیسەکە دەگەیێنێت".
فەرمانگەی کۆچی لیتوانیا ئاماژەی بەوەش کرد ئەو پەناخوازانەی کەیسەکانیان رەتدەکرێتەوە و بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی گەشتکردن ناتوانرێ دەستبەجێ بگەڕێندرێنەوە، مافی مانەوەیان پێ نادرێ، بەڵکو دەخرێنە خانەی "نیشتەجێبوونی نایاسایی یان جێبەجێکردنی دواخراوی دەرکردن"، ئەمەش دۆخێکی چەقبەستووی بێ ماف و بێ کارکردنە تا ئەو کاتەی دەزگای پاسەوانیی سنوور لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق بەڵگەنامەی گەشتیان بۆ دەردەکات و بە زۆر دیپۆرتیان دەکاتەوە.
.jpeg&w=3840&q=75)

