رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە داوای لە ئەنجوومەنی پیران کرد کە دەستبەجێ کار بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسایەکی 350 ملیار دۆلاری تایبەت بە وەبەرهێنان لە بواری بەرگری و سەربازیدا بکەن، ئەوەش پێش دەستبەکاربوونی زۆرینەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی داهاتوودا.
ترەمپ لە پەیامێکدا کە لە ترووس سۆشیاڵ، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا سوپای ئەمریکای بنیاتناوەتەوە و ئێستاش بە شێوەیەکی "گەورەتر و باشتر" هەمان کار دەکات، بەڵام دیموکراتەکانی بە هەوڵدان بۆ رێگریکردن لەو هەنگاوە تۆمەتبار کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "زۆرینەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی داهاتوودا بە روونی ئەوەیان خستووەتەڕوو کە کارنامەی ژمارە یەکیان رێگریکردن و دژایەتیکردنی ئەم وەبەرهێنانە مێژووییەیە لە ئاسایشی نیشتمانیماندا. ئەوان دەیانەوێت جەنگاوەرەکانمان بە لاوازی و بێ پارێزگاری بهێڵنەوە، بەڵام گەلی ئەمریکا دەیەوێت جەنگاوەرەکانیان پارێزراو و بەهێز بن."
ترەمپ هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی بەکارهێنانی رێکاری "یەکلاییکردنەوەی بودجە" کردووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسا 350 ملیار دۆلارییەکە و گوتوویەتی: "هەر بۆیە ئەمڕۆ داوا لە سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی پیران دەکەم دەستبەجێ بجووڵێن بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسا 350 ملیار دۆلارییەکە تاوەکو ئەو باڵادەستییە یەکلاکەرەوەیە بدەینە جەنگاوەرە ئازاکانمان کە شایستەین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ داوای لە ئەندامانی پارتی کۆماری کردووە ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن و رایگەیاندووە کە "دیموکراتەکان هەرگیز ئەو کارە ناکەن و ئێستا کاتی جێبەجێکردنیەتی."
ئەم داواکارییەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکانی 3ـی تشرینی دووەمی 2026، پارتی دیموکرات توانی زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێس (ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران) بەدەستبهێنێتەوە. ئیدارەی ترەمپ و کۆمارییەکان دەیانەوێت لە ماوەی راگوزەری پێش دەستبەکاربوونی کۆنگرێسی نوێ لە سەرەتای ساڵی 2027، لە رێگەی رێکاری "یەکلاییکردنەوەی بودجە"وە کە تەنیا پێویستی بە زۆرینەی سادە (51 دەنگ) هەیە لە ئەنجوومەنی پیران، بودجە سەربازییەکە تێپەڕێنن.
بەپێی ئامارەکانی لیژنەی بەرپرس لە بودجەی فیدراڵی، ئەم پاکێجە 350 ملیار دۆلارییە بەشێکە لە پلانی ئیدارەی ترەمپ بۆ بەرزکردنەوەی بودجەی بەرگریی ساڵی دارایی 2027 بۆ 1.5 ترلیۆن دۆلار و دابینکردنی تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، لەوانەش جەنگی دژی ئێران. لە کاتێکدا پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەم بڕە پارەیە بە "وەبەرهێنانێکی مێژوویی" بۆ باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکا دەزانێت، ژمارەیەک لە سیناتۆرە دیموکراتەکان بە فەرمی رایانگەیاندووە کە دژی هەر پاکێجێکی دارایی نوێ دەوەستنەوە کە ببێتە هۆی درێژەدان بە جەنگی ئێران.



