رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند، بە تەواوی کۆنترۆڵی تەنگەى هورمز و کەنداویان کردووە و دەسەڵاتی ئێرانیش لە داڕماندایە. هاوکات ئاشکرای کرد، دەیەوێ پێش کۆتاییهاتنی ویلایەتەکەی دۆسیەی کوباش یەکلایی بکاتەوە و بژاردەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بۆ ئەو مەبەستە رەت نەکردەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ راگرتنی ئێران لە هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانان و کەشتییەکانی ئەمریکا، ترەمپ گوتی: "هیچ دوودڵییەک نییە، ئێستا زۆر بە باشی کارەکان بەڕێوەدەبەین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا بڕێکی زیاتر نەوت بەرهەم دەهێنن بەراورد بە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە و گوتیشی کە لە پێنج مانگی رابردوودا هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژراوە. ترەمپ گوتی: "ڤەنزوێلامان بردەوە و کەنداویشمان کۆنترۆڵ کردووە، بەتایبەتی تەنگەى هورمز؛ بە تەواوی کۆنترۆڵمان کردووە."
سەبارەت بە بەردەوامبوونی گەمارۆکان لەسەر ئێران تەنانەت ئەگەر 26 مانگی دیکەش بخایەنێت تاوەکو دەسەڵاتەکە دەڕووخێت، ترەمپ رایگەیاند کە ئێران هەر ئێستا لە داڕماندایە و گوتی: "میدیاکانیان شتێکی زۆر جیاواز لە راستییەکان دەڵێن، هەمیشە لێدوانی توند دەدەن و دەڵێن باشین و شەڕ دەکەین، بەڵام ئەوان باش نین. رێژەی هەڵاوسانیان گەیشتووەتە 301%، ئابوورییان لەناوچووە و ناتوانن مووچەی سەربازەکانیشیان بدەن."
بژاردەی سەربازی بۆ کوبا
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، دۆناڵد ترەمپ باسی لە دۆخی کوبا کرد و رایگەیاند کە دەیەوێت پێش جێهێشتنی کۆشکی سپی، دۆسیەی کوبا یەکلایی بکاتەوە، بەتایبەت بە هاوکاریی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە دایک و باوکی بە رەچەڵەک کوبین.
ترەمپ کوبای بە "وڵاتێکی شکستخواردوو" وەسفکرد و گوتی: "زۆر بە وردی چاودێریی دەکەین، دۆخی زۆر خراپە. من 94%ـی دەنگی کوبییەکانم لە فلۆریدا بەدەستهێناوە و پێموایە ئێستا جەماوەریشم لە جاران زیاترە. بە راشکاوی حەز دەکەم ئەو کارە بۆ ئەو خەڵکە و ئەو کوبییانە بکەم کە زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ کرا و هاتنە ئەمریکا."
کاتێک پێشکەشکارەکە پرسیاری لێکرد کە ئەگەر گۆڕانکاری لە کوبا پێویستی بە هێزێکی سەربازیی سنووردار یان هەڵمەتێکی یەک هەفتەیی هەبێت، ئایا بڕیاری دەدات؟ ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "بە دڵنیاییەوە بیری لێدەکەمەوە، بەڵێ."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی مێژوونووسان دوای 30 بۆ 50 ساڵی دیکە چۆن باس لە سەرۆکایەتییەکەی دەکەن، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "پێموایە سەرۆکایەتییەکی زۆر مەزن بووە و پێشموایە لە دوو ساڵی داهاتوودا کارەکانمان زۆر بە باشی دەڕوات."
لە سەرەتای 2026ـەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی و گەمارۆی تووندی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا جێبەجێ کردووە؛ لە مانگی کانوونی دووەمدا هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرادا نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان لە دەسەڵات دوورخستەوە و کۆنترۆڵی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەیان کرد، دواتریش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی وەک (توڕەیی داستائاسا) و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی، رووبەڕووی ئێران بوونەوە و کۆنترۆڵی رێڕەوە ئاوییەکانی کەنداو و تەنگەى هورمزیان گرتەدەست.
ترەمپ ئەم هەنگاوانە وەک گەڕاندنەوەی هەژموونی ئەمریکا و مسۆگەرکردنی سەرچاوەکانی وزە وێنا دەکات، لە کاتێکدا ئێران بەهۆی سزاکان، گەمارۆکان و جەنگەوە رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی بێوێنە و داڕمانی بەهای دراوەکەی بووەتەوە.
دوای گۆڕانکارییەکانی ڤەنزوێلا کە بە گەورەترین هاوپەیمان و دابینکەری نەوت و پشتیوانیی دارایی بۆ حکومەتی کوبا دادەنرا، هاڤانا کەوتووەتە نێو قەیرانێکی قووڵی وزە، خۆراک و ئابوورییەوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە خۆی لە دایک و باوکێکی کۆچبەری کوبی لە فلۆریدا لەدایکبووە، یەکێکە لە تووندترین نەیارانی سیستمی دەسەڵاتداریی کوبا و بەردەوام جەخت لە رووخاندنی حکومەتی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.



