رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێی (پەیمانگەی سیاسەتەکانی کۆچبەری) ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی 18 مانگی یەکەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا سەرپەرشتیی دیپۆرتکردنەوەی نزیکەی یەک ملیۆن کۆچبەری کردووە.
بەپێی راپۆرتەکە کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن مارک رۆزنبڵوم، سەرۆکی پێشووی نووسینگەی ئامارەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەکراوە، لەو ماوەیەدا بە فەرمی 980 هەزار کەس لە ئەمریکا دەرکراون.
ئامارەکان دەریدەخەن کە رێژەی دیپۆرتکردنەوەی ساڵانە لەم خولەی ترەمپدا بەراورد بە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆ بایدن و خولی یەکەمی ترەمپیش، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
پێشینەی تاوانکاریی دیپۆرتکراوەکان
راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو پاساوانەی ئیدارەی ترەمپ بۆ دەرکردنی کۆچبەران بەکاریدەهێنێت و دەریخستووە کە تەنیا 20٪ـی کۆی ئەو کەسانەی لەو ماوەیەدا دیپۆرتکراونەتەوە، پێشینە و سزای تاوانکارییان لەسەر بووە.
هەروەها، لەو کۆچبەرانەی کە دوو ساڵ یان زیاترە لە ئەمریکا نیشتەجێ بوون و دیپۆرتکراونەتەوە، 71٪ـیان هیچ جۆرە سزایەکیان لەسەر نەبووە؛ ئەمەش پێچەوانەی ئەو گوتارەیە کە دەڵێت ئامانج لە دەرکردنیان پاراستنی کۆمەڵگەی ئەمریکییە لە تاوانکاران. دۆناڵد ترەمپ بەردەوام رایگەیاندووە کە ئامانج لە هەڵمەتە تووندەکانی دژی کۆچبەران و پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە، تەنیا "بەهێزکردنی ئاسایشی نێوخۆیە."
کاردانەوەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
لە بەرامبەردا، چالاکڤانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ رەخنەی تووند لەم هەڵمەتە دەگرن و پێیان وایە کە ئەم کارانە پێشێلکاریی روونی رێکارە یاساییەکان و ئازادیی رادەربڕینە. ئەوان هۆشداری دەدەن کە سیاسەتەکانی ترەمپ ژینگەیەکی نائارامی دروستکردووە، بەتایبەت بۆ کەمینە نەتەوەییەکان کە ترسیان لە مامەڵەی جیاکاری و رەگەزپەرستانە هەیە.
ئەم پرۆسانەی دیپۆرتکردنەوەی ئیدارەی ترەمپ رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و تانەی یاسایی بوونەتەوە لە دادگەکانی ئەمریکادا، کە دەرەنجامی جیاواز و دژبەیەکیان لێکەوتووەتەوە.
هەڵوەشاندنەوەی 300 هەزار ڤیزە
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی خولی دووەمی ترەمپدا، زیاتر لە 300 هەزار ڤیزەی ئەمریکا هەڵوەشێندراونەتەوە.
لەناو ئەو ڤیزە هەڵوەشێندراوانەدا، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە دیاریکراوی سەرکۆنەی ئەو حاڵەتانە دەکەن کە تێیدا ڤیزەی ئەو کەسانە هەڵوەشێندراوەتەوە کە بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکانی پشتیوانی لە فەلەستین و دژایەتیکردنی جەنگی غەززە کردووە، یاخود بەهۆی نووسین و بۆچوونەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی تیرۆرکردنی چارلی کیرک، شرۆڤەکاری پارێزگاری ئەمریکی، سزادراون.



