رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا کۆنفرانسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو و تێیدا گفتوگۆ و بڕیار سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان درا. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی راینلاند-پالاتینات بە رووداوی راگەیاند، لە ئەڵمانیا ئەوانەی هەڕەشەن، ناتوانن بمێننەوە و هەنگاویش بۆ چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ئاسانکاری بۆ دیپۆرتکردنەوەیان لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی وڵاتەکەیانەوە دەنێن.
رۆژی پێنجشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2026، لە شاری بەرلین کۆنفرانسەکە بەڕێوەچوو. لە وەڵامی پرسیاری ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کە مافی مانەوەیان نییە یان ئەو کەسانەی جێگەی مەترسین چ بڕیارێکیان داوە، گۆردۆن شنایدەر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی راینلاند-پالاتینات گوتی، "بڕیارێکی زۆر گشتگیر بوو. مەبەست لێی ئەوەیە کە دەبێت خەڵک لێرە لەم وڵاتەدا هەست بە ئارامی و ئاسایش بکەن و ئەوانەی لێرە هەڕەشەن، ناتوانن بمێننەوە".
سەرۆکوەزیرانەکە گوتیشی، "بەتایبەتی لە دوای هێرشەکەی سەر رێپێوانی رۆژی کریستۆفەر ستریت، ئێمە جارێکی دیکە ئەوەمان روون کردەوە کە پێویستە ئەم کەسە مەترسیدارانە ئەم وڵاتە جێبهێڵن".
هێرشەکە ئێوارەی شەممە، 25ـی تەممووزی 2026 لە نزیک دەروازەی براندنبێرگ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ئەنجامدرا، کاتێک شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێل خۆی کێشا بە نێو بەشداربووانی ئاهەنگی هاوڕەگەزخوازاندا و دواتر بە چەقۆ پەلاماری خەڵکیدا.
لە ئەنجامدا ژنێک کوژرا و 29 کەسی دیکەش بریندار بوون و هێرشکارەکە پەنابەرێکی تەمەن 21 ساڵی لوبنانی بوو.
سەرۆکوەزیرانەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "دیپۆرتکردنەوەی تاوانباران و پرۆسەی گەڕاندنەوە بەگشتی، پەیوەستە بە هەرێمەکانەوە؛ هەربۆیە ئێمە جەختمان لەوەش کردەوە کە لەو شوێنانەی کە لە رووی یاساییەوە هێشتا پێویستمان بە چوارچێوەیەکی یاسایی جیاوازترە بۆ ئاسانکاری، حکومەتی فیدراڵی هەنگاو بنێت. جگە لەوەش، پابەندبوونێکی روونمان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش لێرە لەم وڵاتەدا دووپاتکردەوە."
ئەم هەوڵەی هەرێمەکانی ئەڵمانیا بۆ دیپۆرتکردنەوەی "تاوانباران" لە کاتێکدایە بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە، پار 22 هەزار و 800 کەسیان دیپۆرتکردنەوە لە کاتێکدا پێرار 20 هەزار و 176 کەس دیپۆرتکرابوونەوە.


