رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەو شکستە گەورەیەی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولدا تووشی پارتی کۆماری بوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی نوێ دەبێتەوە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هێشتا دەسەڵاتداری سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی واشنتنە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ترەمپی تەمەن 80 ساڵ، دوای ئەوەی دیموکراتەکان هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانیان کۆنتڕۆڵ کرد، گەشتێکی دیپلۆماسی دەکات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN) لە فلیپین و لوتکەی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) لە چین. لەبەر ئەوەی بەپێی دەستوور مافی خۆبەربژێرکردنەوەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028 نییە، شارەزایان پێیان وایە کە ترەمپ تەواوی سەرنج و وزەی خۆی دەخاتە سەر سیاسەتی دەرەوە.
ئێدگارد کاگن، پسپۆڕ لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) لەوبارەیەوە دەڵێت: "دوای شکست لە هەڵبژاردنی نیوە خول، سەرۆکەکان بەم شێوازە سەرلەنوێ پێگەی خۆیان رێکدەخەنەوە."
جەنگی ئێران و دۆسیەی بازرگانی
وڵاتانی ئاسیا بە وردی چاودێریی گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە واشنتن دەکەن. جۆشوا کورلانتزیک، پسپۆڕی کاروباری ئاسیا ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی سەرکردەکانی ئاسیا لە نێوخۆیاندا بە دۆڕانی کۆمارییەکان دڵخۆشن، چونکە جەنگی ئێران بارگرانییەکی گەورەی لەسەر دابینکردنی وزەی ئاسیا دروستکردبوو و هیواخوازن ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وا بکات بڕیارەکانی ترەمپ لەسەر ئەم پرسە هێمنتر و پێشبینیکراوتر بن؛ بەتایبەت کە ترەمپ لە چەند رۆژی رابردوودا دووپاتیکردووەتەوە دەستپێکردنەوەی هێرش بۆ سەر ئێران زۆر دوورە.
هاوکات وڵاتانی ئاسیا کە ئابوورییەکەیان بە تووندی پشت بە هەناردەکردن دەبەستێت، چاویان لەوەیە دیموکراتەکان لە کۆنگرێس رێگری لە باجە گومرگییە قورسەکانی ترەمپ بکەن. حەکیم جێفریز، سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران داوای لە کۆنگرێس کرد دەسەڵاتی خۆی بەسەر سیاسەتی بازرگانیدا بسەپێنێتەوە، بەڵام ترەمپ هێشتا مافی ڤیتۆی بەدەستەوەیە بۆ رەتکردنەوەی بڕیارەکانیان.
لوتکەی سێقۆڵی: ترەمپ لەگەڵ شی جینپینگ و پووتین کۆدەبێتەوە
ترەمپ بەردەوام حەزی لە هەنگاو و نمایشە دیپلۆماسییە دراماتیکییەکان بووە. سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە، پێشبینی دەکات لە پەراوێزی لوتکەی ئاپێک لە شاری شێنژنی چین لە 18 و 19ـی تشرینی دووەم، لەگەڵ هەریەکە لە شی جینپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، داماڵینی چەکی ئەتۆمی و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی دەبن لەگەڵ ئەو دوو سەرکردەیە.
کورت کامبڵ، دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا پێیوایە گەورەترین ئامانجی ترەمپ لەم دانیشتنەدا گرتنی وێنەیەکە لە تەنیشت ئەو دوو سەرکردەیەی کە خۆی بە هاوتای ئەوان دەزانێت لە سەرکردایەتیکردنی زلهێزەکانی جیهان.
ئەم جموجووڵەی ترەمپ بە ئاراستەی مۆسکۆ نیگەرانیی قووڵی کیێڤی لێکەوتووەتەوە؛ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداری دا لەوەی ترەمپ و پووتین رێککەوتنێک هاوشێوەی "کۆنفرانسی یەڵتا" لە ساڵی 1945 بکەن کە تێیدا خاکی ئەورووپا لە نێوان زلهێزەکاندا دابەشبکرێتەوە.
شارەزایان پێشبینی دەکەن ترەمپ لەم دوو ساڵەی کۆتایی سەرۆکایەتییەکەیدا، جیا لە دۆسیەی ئێران و ئۆکراینا، هەوڵبدات پەیوەندییە تایبەتییەکانی لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکووریش نوێ بکاتەوە وەک دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ سەردەمی دەسەڵاتەکەی.



