رووداو دیجیتاڵ
باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لە گەڕەکی برۆکلینی شاری نیویۆرکی ئەمریکا رووخا و لە ئەنجامدا لانیکەم دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 17 دیکە بریندار بوون.
رووداوەکە لە ناوچەی فلاتبووش لە برۆکلین لە کاژێر 04:00ـی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بە کاتی ناوخۆ روویداوە. دیمەنە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن کە دەیان کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بە دەست و بە ئامێری تایبەتی بڕین بەنێو داروپەردوو و خشت و دارە شکاوەکاندا دەگەڕێن تاوەکو بگەنە ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردوودا ماون.
باڵەخانە سێ نهۆمییە رووخاوەکە کەوتبووە تەنیشت زەوییەکی بیناسازی کە چاڵێکی گەورەی تێدا هەڵکەندرابوو، بەهۆی رووخانەکەشەوە تەواوی چاڵەکە پڕ بووە لە پاشماوەی داروپەردوو. هەروەها دیواری باڵەخانەیەکی دراوسێی بە تەواوی لێبووەتەوە و ژوورەکانی ناوەوە و کەلوپەلی نێو ماڵەکە بە تەواوی بەدەرەوە کەوتوون.
تیمەکانی فریاگوزاری بە درۆن، سەگی تایبەتی پشکنین و بەکارهێنانی لایت لە تاریکیدا بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئەوانەی بێسەروشوێنن، هاوکات لێکۆڵینەوەش لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەکە و ئەندازیارانی کۆمپانیای بیناسازییەکە دەستیپێکردووە بۆ زانینی هۆکاری رووخانی لەناکاوی باڵەخانەکە.



