رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بە رووداوی گوت، لە شەش مانگی سەرەتای 2026ـدا 413 هاووڵاتیی عێراقی و هاونیشتمانیی باشووری کوردستان چوونەتە وڵاتەکەی.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە وەڵامی پرسیارەکانی تەنیا ئەحمەد، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو بەشی ئینتەیکی رووداو گوتی، لە 1ـی کانوونی دووەم تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2026، سەتان هاونیشتمانی و هاووڵاتیی عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە رێگەی فەرماندەیی ئاسایشی سنووری وڵاتەکەوە تایبەت بۆ رووداوی ناردووە، 837 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان؛ 413 کەس لە عێراق و باشووری کوردستان؛ 169 کەس لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، 174 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە ئەو وڵاتە.
ئامارەکان دەریدەخەن، زۆرترین کۆچی هاووڵاتییانی ئێران و هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی ئاداردا بووە کە 174 کەس بووە، لە عێراق و باشووری کوردستانیش لە مانگی ئایار 84 کەس پەڕیونەتەوە.
بەریتانیا ئاماری مانگ بە مانگی بەم جۆرە بۆ رووداو ناردووە:
•کانوونی دووەم: هاووڵاتیی عێراقی 51 کەس، هاووڵاتیی سووریایی 46 کەس، هاووڵاتیی ئێرانی 101 کەس، هاووڵاتیی تورکیایی 5 کەس.
•شوبات: هاووڵاتیی عێراقی 66 کەس، هاووڵاتیی سووریایی 17 کەس، هاووڵاتیی ئێرانی 125 کەس، هاووڵاتیی تورکیایی 10 کەس.
•ئادار: هاووڵاتیی عێراقی 73 کەس، هاووڵاتیی سووریایی 36 کەس، هاووڵاتیی ئێرانی 174 کەس، هاووڵاتیی تورکیایی 29 کەس.
•نیسان: هاووڵاتیی عێراقی 67 کەس، هاووڵاتیی سووریایی 14 کەس، هاووڵاتیی ئێرانی 104 کەس، هاووڵاتیی تورکیایی 19 کەس.
•ئایار: هاووڵاتیی عێراقی 84 کەس، هاووڵاتیی سووریایی 28 کەس، هاووڵاتیی ئێرانی 168 کەس، هاووڵاتیی تورکیایی 44 کەس.
•حوزەیران: هاووڵاتیی عێراقی 72 کەس، هاووڵاتیی سووریایی 28 کەس، هاووڵاتیی ئێرانی 165 کەس، هاووڵاتیی تورکیایی 67 کەس.
لەبارەی ئاماری ئەو کەسانەی لە کاتی پەڕینەوەدا گیانیان لەدەستداوە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بە رووداوی گوت، لە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی 2026ـدا 17 کۆچبەر بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمە بچووکەکانەوە لە نۆکەندی ئینگلیز گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی داتاکان، مانگی تەممووز زۆرترین خنکان و بێ سەروشوێنبوونی تێدا تۆمارکراوە کە حەوت کەس بوون، پاشان لە مانگی نیسان شەش کەس، لە ئایار دوو کەس و لە مانگەکانی حوزەیران و ئابیشدا لە هەر مانگەی کەسێک گیانی لەدەستداوە، لە کاتێکدا مانگەکانی دیکە هیچ گیانلەدەستدان تۆمارنەکراوە.
بە گوێرەی فەرماندەیی ئاسایشی سنووری بەریتانیا، هیچ زانیارییەکیان لەسەر وڵاتینامەی قوربانییەکان نییە، چونکە زۆربەی رووداوەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادی بەریتانیا روودەدەن و "ئامارەکانیش تەنیا لەسەر بنەمای راپۆرتە دەرەکییەکان بۆ مەبەستی هۆشیاریی دۆخی نێوخۆیی کۆکراونەتەوە."
هەر بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە حوزەیرانی 2025 تاوەکو حوزەیرانی 2026 تەواوی ئەو کۆچبەرانەی لە هەموو جیهانەوە، بە بەلەم هەوڵی پەڕینەوەیان بۆ بەریتانیا داوە، 33 هەزار و 374 کەس بوون. بەراورد بە هەمان ماوەی پێش خۆی، نۆ هەزار و 935 کەس کەمتر روویان لە بەریتانیا کردووە و یەکسانە بە 23٪.
وەزارەتەکە دەڵێ، لە مانگی شەشی 2025 بۆ هەمان مانگی 2026، زۆرترین کۆچبەر لەسەر ئاستی جیهان، لە ئەریتیریاوە بە بەلەم چوون، کە ژمارەیان پێنج هەزار و 875 کەس بووە. لەدوای ئەریتیریا، هەریەک لە سوودان، سۆماڵ و ئەفغانستان دێن، ئینجا ئێران لە پلەی پێنجەمە کە لەو ماوەیە سێ هەزار و 657 کۆچبەری هەبووە.
عێراق لە پلەی حەوتەم دێت و ژمارەی کۆچبەرەکانی بە هەزار و 336 کەس تۆمار کراوە. دواتر لە پلەکانی هەشت و نۆ، سووریا هەزار و سێ کەس و تورکیاش 783 کۆچبەری هەبووە بۆ بەریتانیا.


