رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا بۆ چەندین دەیە لەسەر ئەو بنەمایە کاری کردووە کە لە دەرەوەی سنوورەکان و لە خاکی دووژمندا رووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام زیادبوونی مەترسییەکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)، هێرشە ئەلیکترۆنییەکان (سایبەری) و چەکە مەودادورەکان وایکردووە سەرکردەکانی سوپا خۆیان بۆ داهاتوویەک ئامادە بکەن کە دۆخەکە جیاواز بێ.
رۆژی پێنجشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، کریستۆفەر لانێڤ، جێگری سوپاسالاری ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند: "سوپا بەو گریمانانەدا دەچێتەوە کە لە دەیەکانی شەڕی دژی تیرۆر لە عێراق و ئەفغانستان باو بوون؛ ئەو سەردەمەی هێزەکانی ئەمریکا دەیانتوانی پشت بە بنکە، هێڵەکانی گواستنەوە و دابینکردنی ئارام لە ناوخۆی وڵات ببەستن، چونکە لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی رکابەرێکی بەهێزدا توانای ناردنی هێزەکان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە".
توانای هێرشی ئەلیکترۆنیی چین
دوایین راپۆرتی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) سەبارەت بە تواناکانی چین هۆشداری دەدات و دەڵێ، بەیژینگ توانای هێرشی ئەلیکترۆنی لەنێو تۆڕە هەستیارەکانی ژێرخانی ئەمریکادا هەیە کە دەکرێ لە هەر ململانێیەکی ئەگەریدا بۆ پەکخستنی جووڵاندنی هێزەکانی ئەمریکا سوودی لێ وەربگیرێ و نەهێڵێ سەربازان لە کاتی خۆیاندا بگەنە گۆڕەپانی جەنگ.
بە گوتەی جێگری سوپاسالاری ئەمریکا، فڕینی گوماناوی درۆنەکان بەسەر بنکە سەربازییەکانی وەک لانگلی-یوستیس لە ڤێرجینیا و پیکاتینی لە نیوجێرزی، نیگەرانییەکانی واشنتنی لەسەر ئاسایشی بنکە ناوخۆییەکان زیاتر کردووە.
لە چوارچێوەی ستراتیژییە نوێیەکەی سوپادا کە بە "سوپا چۆن دەجەنگێت" ناسراوە، ئاماژە بە ئامادەکردنی هێزەکان کراوە بۆ ئەوەی تەنانەت لە دۆخی هێرش و پچڕانی هێڵەکانی گەیاندن و پەیوەندیشدا بتوانن ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام بدەن و جووڵە بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، ئادەم تێل، وەزیری سوپا وەکالەت ئاماژەی بە سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی کرد وەک نموونەیەک کە تێیدا سەربازان سەرقاڵی تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیای دژەدرۆنن بەرامبەر هەڕەشە راستەقینەکان؛ هاوکات مەشقەکان مەترسییە بایۆلۆجییەکانیشیان بۆ زیاد کراوە تاوەکو سەربازان لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی یان هێرشی بایۆلۆجیدا بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
شۆڕشی چاودێری و پێویستیی پاراستنی لێهاتووییە بنەڕەتییەکانی سەرباز
ترۆی مینک، سەرۆکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا هۆشداری داوە کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای چاودێری وا دەکات لە کەمتر لە پێنج ساڵی داهاتوودا مانەوەی هێزە سەربازییەکان بە نادیاری و بەبێ ئاشکرابوون لەسەر زەوی ئەستەم بێت، چونکە چین و رکابەرەکانی دیکە توانایەکی زۆریان لە شوێنپێهەڵگرتن بەدەستهێناوە، ئەمەش پنتاگۆنی ناچار کردووە زیاتر روو لە سیستمی سەربەخۆ و خۆکار بکات بۆ کارکردن لە ژینگە مەترسیدارەکاندا.
رۆژی 13ی ئەم مانگە، پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رەخنەی لە ئیدارەی پێشوو گرت کە لە کاتی خۆیدا لە بوارەکانی مووشەکی هایپەرسۆنیک، بۆشایی ئاسمان و درۆندا هەنگاوی پێویستیان نەناوە.
سەرەڕای پەرەسەندنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد لە شەڕەکاندا، ژەنەراڵ لانێڤ دووپاتی کردەوە کە هێشتا سەرباز بەهێزترین و گرنگترین پایەی سوپایە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە تەکنەلۆژیا توانای هێزەکان زیاتر دەکات، بەڵام دەبێت سەربازان شارەزایی تەواویان لەسەر شێواز و بنەما بنەڕەتییەکانی جەنگ هەبێت بۆ ئەوەی ئەگەر لە هەر دۆخێکدا تەواوی سیستم و تۆڕە ئەلیکترۆنییەکانیش لەکارکەوتن، بتوانن بەبێ تەکنەلۆژیاش بەردەوامی بە جەنگ بدەن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.


