رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ پاپا لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان دەخوازێت و جەخت لەسەر رۆڵی گرنگی ئەو لە بڵاوکردنەوەی ئاشتی و پێکەوەژیاندا دەکاتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی ئاراستەی پاپا کردووە و تێیدا هاتووە: "بەبیرھێنانەوەی ئەو دیدارەی مانگی ئایار کە لەگەڵ پاپا ئەنجاممدا، بە خۆشەویستییەوە دەمێنێتەوە."
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دۆخی تەندروستی پاپاوە دەڵێت: "دوای نەشتەرگەرییەکەی ئەم دواییەی، هیوای زوو چاکبوونەوە و تەندروستییەکی باش بۆ پاپا دەخوازم."
سەبارەت بە هەوڵەکانی پاپا فرانسیس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە: "پابەندبوونی پاپا بە ئاشتی، کەرامەتی مرۆڤ و دیالۆگی نێوان گەلان بەهایەکی باڵای هەیە."
نێچیرڤان بارزانی نووسیویەتی: "هیوادارم پاپا بە وزەیەکی نوێ و تەندروستییەکی باشەوە بەردەوام بێت لە ئەرکە گرنگەکەی بۆ پەرەپێدانی ئاشتی، بەزەیی و تێگەیشتن لە سەرانسەری جیهاندا."
رۆژی چوارشەممە، ڤاتیکان رایگەیاند، نەشتەرگەرییەک بۆ پاپا لیۆی چواردەیەم ئەنجامدراوە بۆ لابردنی گرێیەک لە سییەکانیدا کە دواتر دەرکەوتووە شێرپەنجەیە.
دەشڵێت: لە پشکنینەکانی پێشوودا گومان لەم نەخۆشییە کرابوو و لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا بەتەواوی پشتڕاست کرایەوە.
بە گوتەی ڤاتیکان، ئەو بەشەی سییەکانی پاپا لێکراوەتەوە و نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بووە.




