رووداو دیجیتاڵ
لە گۆڕانکارییەکی مێژوویی و لەناکاودا لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکا و بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی، پارتی دیموکرات توانی زۆرینەی کورسییەکانی هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمریکا لە دەستی کۆمارییەکان وەربگرێتەوە، بەوەش گەورەترین گورزی سیاسی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا بەسەر کۆمارییەکاندا هێنا.
بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکان، دیموکراتەکان توانیویانە بە مسۆگەرکردنی 51 کورسی بەرامبەر 40 کورسی، زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران ببەنەوە. ئەم سەرکەوتنە دوای ئەوە هات کە دیموکراتەکان لە شەش ویلایەتدا توانییان کورسییەکانی کۆمارییەکان هەڵگێڕنەوە و بۆ خۆیانی مسۆگەر بکەن.
گەورەترین شۆکی هەڵبژاردنەکە لە ویلایەتی تێکساس روویدا کە قەڵای سەرەکیی نەریتخواز و کۆمارییەکانە. جەیمس تالاریکۆی بەربژێری دیموکراتەکان بە بردنەوەی 55.4٪ـی دەنگەکان شکستی بە کێن پاکستنی کۆمارییەکان هێنا و بووە یەکەم دیموکرات لە 38 ساڵی رابردوودا ئەو ویلایەتە لە ئەنجوومەنی پیراندا نوێنەرایەتی بکات. هاوکات لە هەمان ویلایەتدا جینا هینۆخۆسا شکستی بە گرێگ ئابۆتی حاکمی تێکساس هێنا و دوای سێ دەیە کۆنترۆڵی کۆمارییەکانی لەو پۆستەدا کۆتایی پێهێنا.
لە ئۆهایۆ، شێرۆد براونی سیناتۆری پێشووی دیموکرات گەڕایەوە و کورسییەکی دیکەی لە دەستی کۆمارییەکان دەرهێنا؛ لە کارۆلاینای باشووریش ئانی ئەندروزی بەربژێری دیموکراتەکان لە هەژەندێکی گەورەدا توانی لە دارلین گراهام بباتەوە و ببێتە یەکەم ژن لە مێژووی ویلایەتەکەدا بچێتە ئەنجوومەنی پیران؛ هەروەها لە ویلایەتەکانی کارۆلاینای باکوور بە بردنەوەی رۆی کووپەر، کانساس بە سەرکەوتنی هامیڵتۆن و ئایوا بە بردنەوەی تورێک، کورسییەکانی ئەنجوومەنی پیران لە بەرژەوەندیی دیموکراتەکان یەکلایی بوونەوە.
هاوکات دیموکراتەکان توانییان کورسییەکانی خۆیان لە ویلایەتە یەکلاییکەرەوەکانی دیکە بپارێزن. جۆن ئۆسۆف لە جۆرجیا بردنەوەی مسۆگەر کرد و لە نیو هامشایەریش کریس پاپاس کورسییەکەی پاراست. ئەم پێشڕەوییەی دیموکراتەکان هاوکات بوو لەگەڵ مسۆگەرکردنی زیاتر لە 244 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەو ئەنجوومەنەش.
شکستی کۆمارییەکان بە پلەی یەکەم بۆ ناڕەزایەتیی دەنگدەران لە بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی، بەشێوەیەکی سەرەکی بە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە کە نرخی سووتەمەنیی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە. کۆنترۆڵکردنی هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس لەلایەن دیموکراتەکانەوە، دەسەڵاتی تەواویان پێدەدات رێگری لە دانانی دادوەران و بەرپرسانی باڵا بکەن کە لەلایەن ترەمپەوە دەستنیشان دەکرێن، لەگەڵ کردنەوەی لێکۆڵینەوەی بەرفراوان لەسەر ئیدارەکەی.
دۆناڵد ترەمپ سەرەڕای ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند ئەگەر ناوی خۆی لەسەر کارتی دەنگدان بووایە بە جیاوازییەکی گەورە دەیانبردەوە، بەڵام لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەیە دان بە ئەنجامەکاندا بنێت و لەگەڵ دیموکراتەکاندا کار بکات، لە هەمان کاتیشدا پێداگریی کرد کە مافی ڤیتۆ بەکاردەهێنێت دژی هەر پڕۆژەیاسایەک کە بە پەسندی نەزانێت.



