رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نەرویج رایگەیاند، پێنج کەسی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسێکی ساختەکاریی گەورە لە دژی ئاژانسێکی سەر بە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەستگیرکردووە، کە بە بەهای زیاتر لە یەک ملیۆن یۆرۆ فرتوفێڵیان لەو هاوپەیمانێتییە کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، پۆلیسی نەرویج بڵاویکردەوە، دەستگیرکراوەکان لە ناوچەی بێرگن لە رۆژئاوای وڵاتەکەیان دەستبەسەرکراون، گومانی ئەوەیان لێدەکرێت لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2025 لە رێگەی دانانی نرخی زیادە لەسەر پسوولەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی کەشتییەکانی ناتۆیان کردووە لە بەندەرەکانی نەرویج، فرتوفێڵیان لە ئاژانسی پشتیوانی و کڕینی ناتۆ کردبێت.
پۆلیسی نەرویج ئاماژەی بەوەش کرد، قەبارەی ئەو پارە زیادەیەی لە پسوولەکاندا تۆمارکراوە زیاتر لە یەک ملیۆن یۆرۆیە (نزیکەی 1.12 ملیۆن دۆلار).
ماریان بێندەر، داواکاری گشتیی باڵا لە یەکەی نیشتمانیی تاوانە ئابوورییەکانی نەرویج لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بودجەی کەرتی بەرگری لە سەرانسەری جیهاندا لە زیادبوون دایە، ئەمەش مەترسیی ئەنجامدانی تاوانی ئابووری زیاتر دەکات ئەمە بوارێکە کە ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین." هۆشداریدا و گوتیشی: "ئەگەر ساختەکاری بەرامبەر ناتۆ کرابێت، بە تووندی لێپێچینەوە دەکرێت."
بەپێی راگەیێندراوەکەی پۆلیس، لە هەمان کاتدا پۆلیسی رۆمانیا و ئەڵمانیاش بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هەمان کەیس، پشکنینیان بۆ چەند کۆمپانیایەک لە وڵاتەکانی خۆیاندا ئەنجامداوە کە گومانی پەیوەندیداربوونیان بەم دۆسیەیەوە لێدەکرێت.
هاوپەیمانی ناتۆ هاوپەیمانییەکی سەربازییە و ساڵی 1949 دامەزراوە. 32 وڵات ئەندامی هاوپەیمانییەکەن و 30یان لە ئەورووپان و دووەکەی دیکەشیان لە کەنەدا و ئەمریکان.



