رووداو دیجیتاڵ
مایک هەکابی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، دۆناڵد ترەمپ لەوە زیرەکترە لەلایەن بنیامین نەتەنیاهووەوە فریو بدرێت یان ئاراستە بکرێت؛ هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی دەسەڵاتدارانی تاران هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا.
رۆژی چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، مایک هەکابی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمریکی، بە تووندی هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و گوتی: "رژێمی ئێران دەیەوێت هەر کەسێک بکوژێت کە رەتیدەکاتەوە پابەندی یاسای شەرع و تێڕوانینی ئەوان بێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەم جەنگەی ئێستا لەگەڵ ئێران لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا زیان بە ترەمپ و کۆمارییەکان دەگەیێنێت، هەکابی گوتی: "ئەگەر زیانیشی پێ بگەیەنێت، هۆکارەکەی تەنیا ئەوەیە کە بەشێک لە ئەمریکییەکان بێئاگان لەو هەڕەشە گەورەیەی کە ئێرانییەکان بۆ سەر ئەمریکا و جیهان دروستی دەکەن."
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل ئەو تۆمەتانەی بە تەواوی رەتکردەوە کە باس لە هەژموونی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەسەر کۆشکی سپییەوە دەکەن و گوتی: "ئەو بۆچوونەی گوایە سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو ئەڵقەی لە لووتی ترەمپ کردبێت و بە ئارەزووی خۆی بەملاولایدا رابکێشێت، تەواو بێمانا و بێبنەمایە؛ ترەمپ لەوە زۆر زیرەکترە کە فریو بدرێت."
ئەم لێدوانانەی باڵیۆزی ئەمریکا لە کاتێکدان کە بەشێک لە رەخنەگران و سەرکردەکانی پارتی دیموکرات لە واشنتن، دۆناڵد ترەمپ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەسەر داوای نەتەنیاهوو چووەتە نێو ئەم جەنگە هەرێمییە فراوانەوە.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش لە وەڵامدا بە درۆن و مووشەک هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی دراوسێی.


