رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە بۆ لێدانی حووسییەکان، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە داوا لە تورکیا بکات بۆ بەرپەرچدانەوەیان دەستوەردانی سەربازی بکات. هاوکات ئێرانی بە "دەوڵەتێکی شکستخواردوو" ناوبرد و جەختی کردەوە کە بەمزوانە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی تارانەوە دەدات.
رۆژی سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، ترەمپ لە کۆشکی سپی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر حووسییەکان گوتی، "ئەوان زۆر بەخراپی هەڵسوکەوت دەکەن. ئەگەر پێت بڵێم بڕیارم داوە، ئەوە زۆر باش دەبوو.. رەنگە داوا لە تورکیا بکەم بەشداری لە وەڵامدانەوەی یەمەندا بکات. ئەردۆغان هاوڕێیەکی زۆر باشمە و رێزێکی زۆرم بۆ سەرۆکی تورکیا هەیە؛ پێموایە ئەگەر داوای لێبکەم، ئەو کارە دەکات."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر وانەیان بە حووسییەکان داوە و گوتیشی، "پێم وابوو ساڵێک لەمەوبەر وانەی خۆیان وەرگرتووە، کاتێک بۆردوومانمان کردن و دواتر لەسەر داوای خۆیان هێرشەکانمان راگرت؛ حووسییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بوون، بەڵام ئێستا بە ئەگەری زۆرەوە بە هاندانی ئێران دووبارە دەرکەوتوونەتەوە." هاوکات پشتڕاستیشی کردەوە کە لەسەر ئەم پرسە پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە ئەنجامداوە.
"ئێران وڵاتێکی شکستخواردووە"
لەبارەی دۆخی ئابووریی ئێران و هەنگاوەکانی داهاتووی واشنتنەوە، ترەمپ بە زمانێکی تووند هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامی و رایگەیاند، "ئێران دەوڵەتێکی شکستخواردووە؛ ئەوان هیچ ئابوورییەکیان نییە، هەڵاوسان گەیشتووەتە 300٪، هیچ پارەیەکیان نییە، تەنانەت مووچەی سەربازەکانیان و هیچ کەسێکی دیکە نادەن."
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە هێزەکانیان کۆنترۆڵی تەواوی تەنگەی هورمزیان لەدەستدایە و "زۆر بەم زووانەش بڕیاری خۆمان سەبارەت بە ئێران دەدەین."
پشتیوانیی هەواڵگری بۆ ئۆکراینا و رێککەوتنی جیهانی
دۆناڵد ترەمپ باسی لە جەنگی ئۆکراینا کرد و رایگەیاند کە واشنتن بەردەوامە لە پێشکەشکردنی هاوکارییە هەواڵگرییەکان بە کیێڤ چونکە دەیانەوێت شەڕەکە کۆتایی بێت. لەبارەی هێرشەکانیشەوە گوتی، "ئۆکراینا هێرشی کردووەتە سەر چەندین ئامانج لە ناوخۆی رووسیا و هەردوو وڵات لە یەکتری دەدەن."
ترەمپ ئاماژەی بە رێککەوتنێکی نوێ کرد کە پەیوەندیی بە دابینکردنی سووتەمەنییەوە هەیە لە ئەنجامی جەنگی ئۆکراینا و گوتی، "ئەم رێککەوتنەی ئۆکراینا رێککەوتنێکە بۆ جیهان نەک بۆ ئەمریکا؛ ئامانج لێی هەناردەکردنی نەوت و دیزڵی زیاترە بۆ بازاڕەکانی جیهان کە بەدەست بەرزیی نرخەکانەوە دەناڵێنن."



