رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بەرگری لە رێککەوتنی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ رووسیا دەکات بۆ هاوردەکردنی گازوایل بە مەبەستی دابەزاندنی نرخەکەی لە بازاڕەکانی ئەمریکا؛ هاوکات رەخنەی تووند لە هەڵوێستی کۆنگرێس و وڵاتانی ئەورووپاش دەگرێت.
بێسێنت لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فۆکس نیووزی وڵاتەکەی رایگەیاند، هەموو دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوە بەکاردەهێنن و گوتی: "هەر کەسێک لە کۆنگرێس بڵێت، چ یاسایەکی کۆن بێت یان پڕۆژەیاساکەی ئێستای لیندزی گراهام رێگریمان لێ دەکات، ئەوە لە هەڵەدایە. سەرۆک ترەمپ بە دەسەڵات و متمانەی گەلی ئەمریکاوە دەستبەکار بووە بۆ ئەوەی خزمەتی گەلی ئەمریکا بکات، ئەم بڕیارەش لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئەمریکایە و دەبێتەهۆی دابەزاندنی نرخی گازوایل."
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم هەنگاوە لەسەر ئێران، بێسێنت گوتی، زیانمەندی سەرەکی دەسەڵاتی تارانە و گوتی: "با راشکاو بین، گەورەترین دۆڕاو لێرەدا دەسەڵاتی ئێرانە. ئەوان هەوڵیان دا تەنگەی هورمز بکەنە خاڵی گەمارۆدان، بەڵام بۆیان نەچووە سەر. ئەوان هەوڵیان دا گوشار بخەنە سەر نرخی گازوایل، ئەوەش سەرکەوتوو نەبوو."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هێرشی کردە سەر سیاسەتی وزەی وڵاتانی ئەورووپاش و بە "دووڕوویی" ناوی برد و گوتی: "ئەورووپییەکان لە سەرەتای ئەم جەنگەوە زیاتر لەوەی پارەیان دابێتە ئۆکراینییەکان، پارەیان داوەتە رووسەکان، چونکە ناتوانن دەستبەرداری وزەی رووسیا ببن. سیاسەتی وزەی ئەوان شکستی هێناوە و هێشتاش بەردەوامن لە دابینکردنی پارە بۆ ڤلادیمیر پووتین، کەواتە ئەگەر ئەوان بڵێن نابێت ئێمە بارگرانیی نرخی گازوایل لەسەر هاووڵاتییانمان سووک بکەین، ئەمە دووڕووییەکی تەواوە."
پڕۆژەیاسای سزاکانی لیندزی گراهام، داوا لە ترەمپ دەکات تاوەکو 100% باجی گومرگی بخاتە سەر ئەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین نەوت یان گازی سرووشتی لە رووسیاوە هاوردە دەکەن، جگە لەو وڵاتانەی کەمتر لە 15%ـی گازی سرووشتیی هەناردەکراوی رووسیا دەکڕن و هەنگاوی بەرچاویان ناوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هاوردەکردنە.



