رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت رۆژی 30ـی ئەم مانگە، دووشەممەی داهاتوو، کە بە (سایبەر ماندەی) یان (دووشەممەی ئەلیکترۆنی) ناسراوە، فرۆشی ئۆنلاین بگاتە 15.1 ملیار دۆلار، بەڵام لە پشت ئەم پێشبینییە، پرسیارێکی گرنگ سەر هەڵدەدات، بەکاربەری ئەمریکی لە راستی دا توانای خەرجکردنی چەندە؟
لە کاتێکدا کە نزیک دەبینەوە لە گەورەترین رووداوی بازاڕکردنی ساڵ، ئابووریی ئەمریکا لە ساتەوەختێکی هەستیاردایە. لە جەژنی سوپاسگوزارییەوە لە 26ـی ئەم مانگەوە تاوەکو سایبەر ماندەی لە 30ـی مانگ، فرۆشیاران کێبڕکێ لەسەر راکێشانی ملیۆنان کڕیار دەکەن. وەبەرهێنەرانیش لە نزیکەوە بۆ ئاماژەیەک دەگەڕێن کە بیسەلمێنێت خەرجییەکانی بەکاربەر بەرگەی هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی تێچووی وزە و ناجێگیرییەکانی بازاڕی دارایی دەگرێت.
یەکێتیی نیشتمانیی تاکفرۆشی لە ئەمریکا NRF پێشبینی دەکات 182.7 ملیۆن ئەمریکی لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەدا بازاڕ بکەن، کە کەمێک کەمترە لە ژمارەی ساڵی رابردوو کە 186.9 ملیۆن بوو. سەرەڕای ئەوەش، پێشبینی دەکرێت وەرزی فراوانتری پشووەکان بۆ یەکەم جار زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار لە فرۆشی تاک تۆمار بکات.
یەکێتییەکە پێشبینی دەکات قەبارەی فرۆشی مانگەکانی 11 و 12 بگاتە 1.013 تریلیۆن دۆلار کە بە رێژەی 4.2% لە ساڵی 2025 زیاترە. دامەزراوەی (ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیکس)یش دەڵێت دوای لادانی کاریگەریی هەڵاوسان، زیادبوونەکە نزیکەی 2.2% دەبێت، کە ئەمەش پێوەرێکی دیکەیە بۆ گەشەی راستەقینەی ئەو کاڵایانەی دەکڕدرێن.
پێشبینی دەکرێت بازاڕکردنی ئۆنلاین بزوێنەری سەرەکی بێت. دامەزراوەی (ئەدۆبی ئەنالیتیکس) پێشبینی دەکات لە ماوەی (هەفتەی ئەلیکترۆنی)دا فرۆشی ئۆنلاینی ئەمریکا بگاتە 47.5 ملیار دۆلار، کە بە رێژەی 7.4% لە هەمان کاتی ساڵی پێشوو زیاترە.
تەنیا لە بلاک فرایدەی (هەینی رەش)دا، پێشبینی دەکرێت 12.9 ملیار دۆلار فرۆش تۆمار بکرێت. کە بەرزبوونەوەیەکە بە رێژەی 9.2% . هەروەها فرۆشی سایبەر ماندەی پێشبینی دەکرێت بە رێژەی 6.2٪ بەرزببێتەوە بۆ 15.1 ملیار دۆلار . فرۆشی ئۆنلاینی رۆژی سوپاسگوزاری ( پێنجشەممە)ش پێشبینی دەکرێت بگاتە 6.9 ملیار دۆلار، کە زیادبوونێکی 8.5%ـە. هاوکات پێشبینیکراوە 63%ـی کڕینە ئۆنلاینەکان لە رێگەی مۆبایلەوە بکرێت، کە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە.
ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ بەکاربەرێک کە هێشتا پارە خەرج دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی ستراتیژییانەتر بازاڕ دەکات. یەکێتییەکە بۆی دەرکەوتووە کە 60%ـی کڕیارانی وەرزی پشووەکان پێشوەختە لە سەرەتای مانگی 11ـەوە دەستیان بە کڕین کردووە، بەڵام 82% یان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکانیان دەدەن.
بەپێی رووپێوەکان، 25٪ـی کڕیاران پلانیان داناوە دیاریی هەرزانتر بکڕن، 24% خەرجییەکانیان لە شوێنی دیکە کەم دەکەنەوە و 20%ـیش چاوەڕێی کۆتایی هەفتەی جەژنی سوپاسگوزاری دەکەن بۆ ئەوەی بەشی هەرە زۆری کڕینەکانیان بکەن. هەروەها لە هەر 10 کڕیار نزیکەی شەشیان بەنیازن ژیریی دەستکرد بەکاربێنن بۆ بەراوردکردنی نرخەکان، دۆزینەوەی دیاری یاخود رێکخستنی بودجەکانیان.
ئەمە رەنگە ئاماژەیەکی دژبەیەکی تێدابێت، لەلایەکەوە بەکاربەری ئەمریکی لە خەرجکردن دا خۆڕاگر و بەردەوامە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بە وریاییەوە خەرج دەکات. کۆمپانیای ئی وای پارتینۆن (EY-Parthenon) دەخەمڵێنێت کە 62%ـی بەکاربەران بەنیازن هێندەی ساڵی رابردوو یان زیاتر، پارە بۆ دیاری خەرج بکەن، تەنانەت لەگەڵ ئەوەشدا 42%یان دەڵێن زیاتر نیگەرانن لەوەی ئایا توانای داراییان بەش دەکات یان نا. نزیکەی نیوەیان خەرجیی چێشتخانە و کاتبەسەربردن کەمدەکەنەوە، یەک لەسەر سێشیان خەرجیی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و گەشتکردن دەبڕن. هەندێک لە خێزانەکان لە رێگەی کەمکردنەوەی خەرجی دیکە یان لە رێگەی قەرزکردنەوە، هەوڵدەدەن بەشی کڕینی وەرزی پشووی ئەم ساڵ پارە بهێڵنەوە. کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات 14%ـی بەکاربەران قەرزەکانیان بۆ کڕینەکانی ئەم ساڵیان بگوازرێنەوە بۆ ساڵی 2027.
بۆ فرۆشیارانی تاک، ئەمە هاوسەنگییەکی قورس لەنێوان داهات و قازانج دا دروست دەکات. پێشبینی دەکرێت داشکاندنی نزیکەی 30% لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و یارییەکان دا هەبێت، لە کاتێکدا لەوانەیە پۆشاک و کۆمپیوتەر داشکاندنی نزیکەی 23% بەخۆوە ببینن.
فرۆشیاران هەوڵی راکێشانی سەرنجی کڕیاران دەدەن و لەوانەیە قەبارەی فرۆشیان زیاتر بکەن، بەڵام ئەگەری هەیە رووبەڕووی کەمبوونەوەی قازانجەکانیشیان ببنەوە، بەتایبەتی ئەگەر رووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی کڕین، گواستنەوە و دەستی کار ببنەوە. سەرکەوتووەکان مەرج نییە ئەو لایەنانە بن کە گەورەترین زیادبوونی فرۆش رادەگەیێنن، بەڵکو ئەوانەن کە خواست دەگۆڕن بۆ قازانج بەبێ داشکاندنی لە رادەبەدەر.
لەم نێوەندەدا وەرزی ئەم ساڵی فرۆش زۆر بە گرنگییەوە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکان چاودێری دەکرێت. پێنوێنی ستاندەرد ئەند پوورز(S&P 500) بە رێژەی 8% کەمترە لە ریکۆردی 6ـی ئەم مانگە. ئەمە لە کاتێکدایە بەهای پشکەکانی تەکنەلۆژیا نزیکەی 19% دابەزیون بەهۆی نیگەرانییەکان لە دۆخی قەرزەکانی ئەو کەرتە و ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی. وەرزێکی بەهێزی بازاڕکردن دەتوانێ دڵنیایی بداتە وەبەرهێنەران کە ئابووری ئەمریکا خاوەنی بزوێنەری دیکەی گەشەکردنە لە دەرەوەی کەرتی تەکنەلۆژیا، بەڵام لاوازیی خواست یاخود گەشەی فرۆش کە تەنیا بەهۆی داشکاندنەوە بێت، دەکرێت نیگەرانییەکان لەبارەی داهاتی کۆمپانیاکان قووڵتر بکاتەوە.



