رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی زەنگی مەترسی لێدەدات و رایدەگەیێنێت نزیکەی 1.2 ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا بە دەست نەخۆشی و ئارێشە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن؛ هاوکات ئاشکرای دەکات 470 ملیۆن کەس تووشی دڵەڕاوکێ و 322 ملیۆن کەسیش تووشی خەمۆکی بوون و ساڵانەش نزیکەی 727 هەزار کەس خۆیان دەکوژن.
بە بۆنەی رۆژی جیهانیی تەندروستیی دەروونی، کە 10ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێکە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە راپۆرتێکدا قەبارەی قەیرانێکی مرۆیی گەورەی ئاشکرا کرد و روونیکردەوە، لە هەر 7 کەس لە جیهاندا یەکێکیان کێشەیەکی دەروونی هەیە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە ملیۆنان نەخۆش لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەشن و نەخۆشییە دەروونییەکان ساڵانە 1 تریلیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی جیهان دەگەیێنن.
بەپێی داتاکانی تەندروستیی جیهانی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لە پێشەنگی ئەو نەخۆشییە دەروونییانەن کە زۆر بەربڵاون. لەنێو تووشبووانی دڵەڕاوکێدا 72 ملیۆن مێرمنداڵ هەن؛ هەروەها لەنێو تووشبووانی خەمۆکیشدا 43 ملیۆن مێرمنداڵ تۆمار کراون.
رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم نەخۆشییانە تەنیا باری دەروونیی مرۆڤ تێکنادەن، بەڵکو کار لە توانای فێربوون، کارکردن، بڕیاردان و دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن؛ لە حاڵەتە تووندەکانیشدا خەمۆکی دەبێتە هۆی بیرکردنەوە لە خۆکوشتن، هەرچەندە هۆکارەکانی خۆکوشتن ئاڵۆزن و بە تەنیا بۆ یەک نەخۆشی ناگەڕێنەوە.
ساڵانە 727 هەزار کەس خۆیان دەکوژن
تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات لەوەی خۆکوشتن بووەتە یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر تەندروستیی گشتی، بەتایبەت لەنێو گەنجاندا. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە نزیکەی 727 هەزار کەس خۆیان دەکوژن و لەنێو گەنجانی تەمەن 15 بۆ 29 ساڵدا، خۆکوشتن سێیەم هۆکاری سەرەکیی مردنە.
رێکخراوەکە دەڵێ، نزیکەی 73%ـی رووداوەکانی خۆکوشتن لە وڵاتانی کەمداهات و مامناوەنددا تۆمار دەکرێن، هۆکارەکانیش پەیوەستن بە تووندوتیژی، تەنگژەی خێزانی و ئابووری، دابڕانی کۆمەڵایەتی، ماددە هۆشبەرەکان و نەبوونی سەنتەری چارەسەری دەروونی؛ بۆیە پێویستە دەستوەردانی پێشوەختە بکرێت تاوەکو پێش لە ئەم ژمارە زۆرەی خۆکوشتن بگیرێت.
لە هەر 7 مێرمنداڵ یەکێکیان کێشەی دەروونی هەیە
دۆخی دەروونیی مێرمنداڵان و نەوجەوانان نیگەرانیی گەورەی دروستکردووە، چونکە بەپێی راپۆرتەکە 14.3%ـی مێرمنداڵانی تەمەن 10 بۆ 19 ساڵ بە دەست نەخۆشییەکی دەروونییەوە دەناڵێنن، واتە لە حەوت مێرمنداڵ یەکێکیان.
رێژەی تووشبوون بە دڵەڕاوکێ لەنێوان تەمەنی 10 بۆ 14 ساڵ دەگاتە 4.1% و لە تەمەنی 15 بۆ 19 ساڵ بەرزدەبێتەوە بۆ 5.3%. هاوکات رێژەی خەمۆکی لەنێو مێرمنداڵانی 10 بۆ 14 ساڵ 1.3%ـیە و لەنێوان 15 بۆ 19 ساڵدا دەگاتە 3.4%. رێکخراوەکە هۆشداری دەدات ئەگەر لەم قۆناخەدا کێشەکان چارەسەر نەکرێن، لە تەمەنی گەورەییدا کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر خوێندن و داهاتووی ژیانیان دەبێت.
تەنیایی لە سەردەمی شاشەکاندا
تەندروستیی جیهانی تیشک دەخاتە سەر ژینگەی دیجیتاڵی و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ. بەپێی توێژینەوەیەکی رێکخراوەکە کە لەسەر 280 هەزار مێرمنداڵ لە 44 وڵات کراوە، خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە 7%ـەوە لە ساڵی 2018 بەرزبووەتەوە بۆ 11% لە ساڵی 2022؛ هەروەها 12%ـی بەشداربووان لەژێر مەترسیی بەکارهێنانی ئاڵوودەبوونی یارییە ئەلیکترۆنییەکاندان.
هاوکات گەشەکردنی خێرای ژیریی دەستکرد ئاستەنگی نوێی دروستکردووە؛ رێکخراوەکە هۆشداری دەدات بەکارهێنانی ناهاوسەنگی تەکنەلۆژیا و پەنابردن بۆ ئەپەکانی ژیریی دەستکرد لەجیاتی گفتوگۆی راستەقینە لەگەڵ خێزان، هەستی تەنیایی قووڵتر دەکاتەوە و پەیوەندییە مرۆییەکان لاواز دەکات؛ بۆیە نابێت ژیری دەستکرد و بەرنامەکان ببنە جێگرەوەی خێزان و راوێژکاری دەروونی.
فەوتانی 1 تریلیۆن دۆلار
سەرەڕای ئەم قەیرانە گەورەیە، خزمەتگوزارییە دەروونییەکان لە جیهاندا لە پەراوێزدان؛ تەنیا یەک لەسەر سێی تووشبووانی خەمۆکی، دەستیان بە چاودێریی پزیشکیی فەرمی دەگات، ئەمەش بەهۆی شەرمکردن لە نەخۆشیی دەروونی، کەمیی پسپۆڕ و گرانیی تێچووی چارەسەر.
داتاکان ئاشکرای دەکەن حکومەتەکانی جیهان تەنیا نزیکەی 2%ـی بودجەی کەرتی تەندروستی بۆ بواری دەروونی تەرخان دەکەن؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی ساڵانە زیانی نزیکەی 1 تریلیۆن دۆلار لە بەرهەمهێنانی ئابووریی جیهان دەدەن لەبەرئەوەی توانای کارکردنی مرۆڤ پەکدەخەن.
رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک وەکو رۆژی جیهانیی تەندروستیی دەروونی دیاریکراوە و بۆ ساڵی 2026 دروشمی "گوێ لە دەنگی ئەوانە بگرن کە لەنێو ئەزموونەکەدا دەژین" هەڵبژێردراوە.
تەندروستیی جیهانی جەخت دەکاتەوە داواکردنی هاوکاریی دەروونی نیشانەی لاوازی نییە و پێویستە خێزانەکان لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکی، گۆڕانی هەڵسوکەوت یان قسەکردن لەسەر زیانگەیاندن بە خۆ، دەستبەجێ داوای هاوکاریی پزیشکی بکەن تاوەکو رێگری لە کارەساتە مرۆییەکان بگرن.



.jpeg&w=3840&q=75)