رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، پێش تەواوبوونی خولی سەرۆکایەتییەکەی پلانی هەیە ناوی یەکێک لە زەریا گەورەکانی جیهان (ئەتڵەسی یان هێمن) بگۆڕێت بۆ زەریای ترەمپ یان زەریای یەکێک لە ئەمریکاکان، ئەوەش دوای ئەوەی ناوی کەنداوی مەکسیک و دەریاچەی ئۆنتاریۆی گۆڕیوە.
رۆژی یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە گوتارەکەیدا لە بەردەم لایەنگرانی پارتەکەی لە یەکێک لە ویلایەتەکانی وڵاتەکەی ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پێشووی کرد بۆ گۆڕینی ناوی شوێنە جوگرافییەکان و گوتی: "ئێمە کەنداوی مەکسیکمان هەبوو، رۆژێک گوتم دەیگۆڕین و هەمووان پێیان وابوو گاڵتە دەکەم، پێم گوتن پێویستە ناوی بنێین کەنداوی ئەمریکا؛ هەمووان پێکەنین، بەڵام من بە دروستی جێبەجێم کرد و تەواو بوو."
رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆکی ئەمریکا بۆ یەکەمجار ئاماژەی بە گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمریکا کرد و بڕیارێکی سەرۆکایەتی بۆ واژۆکرد.
سەرۆکی ئەمریکا هێرشی تووندی کردە سەر کەنەدا و تۆمەتباری کرد بەوەی 50 ساڵە بە سەپاندنی پێناسی گومرگیی زەبەلاح پارەی ئەمریکای "دۆشیوە و بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ واشنتندا" کردووە.
لەو بارەیەوە گوتی: "من بڕیارمدا و دەبێ ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ بگۆڕدرێت بۆ دەریاچەی ئەمریکا. کەواتە ئێستا کەنداوەکە و دەریاچەیەکی جوانمان هەیە."
رۆژی 25ی ئابی ئەم ساڵ، ترەمپ لە تروس سۆشیال هەڕەشەی گۆڕینی ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆی بۆ دەریاچەی ئەمریکا کرد و رۆژی 27ی ئابیش بڕیارێکی سەرۆکایەتی بۆ واژۆکرد.
لەبارەی پلانەکانی داهاتووی بۆ گۆڕینی ناوی شوێنەکان، ترەمپ ئاشکرای کرد، نیازی نییە ناوی رووباری هەدسن بگۆڕێت چونکە وەک خۆی دەڵێت ئەوە زێدەڕۆییە، بەڵام پێداگریی کرد کە دەبێت زەریایەک و رووبارێکی مەزن بە ناوی ئەوانەوە بێت و گوتی: "بیرم لە زەریای ئەتڵەسی یان زەریای هێمن دەکردەوە؛ ناوی بنێین زەریای ترەمپ یان زەریای ئەمریکاکان. دەبێت بیکەین؛ پێش ئەوەی پۆستەکەم جێبهێڵم دەبێت زەریایەکمان هەبێت و پێویستمان بە رووبارێکی مەزنیشە."

.jpeg&w=3840&q=75)

