رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری دا کەیتی زاکەرایا وەک گوتەبێژی نوێی کۆشکی سپی دەستنیشان بکات، کە لە شوێنی کارۆلاین لیڤیت ئەو پۆستە وەردەگرێ.
رۆژی هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە نووسینێکدا لە ترووس سۆشیال رایگەیاند: "دەستنیشانکردنی کەیتی زاکارایا بۆ ئەو پۆستە مایەی شانازییەکی گەورەیە. کەیتی پێشتر وەک راوێژکاری باڵای پەیوەندییەکان لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ (کۆمپانیای ترەمپ بۆ میدیا و تەکنەلۆژیا) کاری کردووە و لەوێ ئاستێکی ناوازەی پێشکێش کردووە."
زاکاریا خەڵکی کالیفۆڕنیایە و پارێزەرە، پێشتر وەک گوتەبێژ و جێگری یاریدەدەری وەزیر بۆ کاروباری گشتی لە وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کاری کردووە؛ هەروەها وەک شرۆڤەکار لە فۆکس نیووز و نیووزماکس دەرکەوتووە.
ترەمپ ئاماژەی بە رۆڵی زاکارایا لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا کرد و گوتی: "ئەو پێشتر بەشدار بووە لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا و لە ویلایەتە یەکلاییکەرەوەکان هاوکار بووە کە تێیاندا حەوت لە حەوتمان بردەوە. زاکارایا تۆمارێکی بێگەردی هەیە لە پشتیوانیکردن و هەر لە سەرەتاوە لایەنگرێکی دڵسۆز، لێهاتوو و ئەندامێکی دڵسۆزی بزووتنەوەی (ئەمریکا مەزن دەکەینەوە) بووە."
سەرۆکی ئەمریکا متمانەی خۆی بە تواناکانی گوتەبێژە نوێیەکە نیشاندا و روونیکردەوە کە زاکاریا لە شوێنی کارۆلاین لیڤیت دەستبەکار دەبێت کە بە گوتەی ترەمپ، "کارێکی نایابی وەک گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەنجامدا".
ترەمپ لە کۆتاییشدا گوتی: "دڵنیام کەیتی ئەنجامی زۆر باش بۆ وڵاتەکەمان بەدەستدەهێنێت، چونکە رێزی لێدەگیرێ و دەتوانێت بە شێوەیەکی ناوازە لەگەڵ میدیاکان، گەلی ئەمریکا و ئیدارەکەمدا کار بکات."
رۆژی 27ی ئابی 2026، کارۆلین لیڤیت دەستی لە پۆستی گوتەبێژی کۆشکی سپی کێشایەوە و رایگەیاند، دەیەوێ کاتی زیاتر بە منداڵەکەی ببەخشێت کە مانگێک پێشتر لەدایک ببوو.



