رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر پەنامای هەژاند، بەهۆیەوە ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لە پایتەختی ئەو وڵاتە دروستبوو؛ هاوکات هۆشداری لە دروستبوونی شەپۆلی سونامیش درا.
رۆژی هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە کاژێر 20:56 بە کاتی هەولێر تۆمارکراوە و چەقەکەی 10 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی پیتاڵۆزا ئاریبا لە باشووری نێوەڕاستی پەناما دوور بووە.
دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە بوومەلەرزەکە لە 12 کیلۆمەتری ژێر زەویدا روویداوە، ئەمەش وادەکات کاریگەرییەکەی زیاتر بێت، لە کاتێکدا لە سەرەتادا بە گوڕی هەشت پلە پێوانە کرابوو.
لەلایەکی دیکەوە سیستمی هۆشداریی سونامیی ئەمریکا هۆشداری دا لەوەی ئەگەری هەیە شەپۆلە مەترسیدارەکانی سونامی کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی زەریای هێمن، لە مەکسیکەوە تاوەکو پیرۆ بگرنەوە و لە سێ کاژێری داهاتوودا بگەنە کەناراوەکان.
بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکایەتی پەناما، لە دوای بوومەلەرزەکەوە ژمارەیەک پاشلەرزە تۆمارکراون و ئەوانیش تیمەکانیان راسپاردووە بەهانای ئەو کەسانەوە بچن کە پێویستیان بە هاوکارییە.



