رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا قەدەخەی هاتووچۆی شەوانەی بۆ ماوەی مانگێک و قەدەخەکردنی خواردنەوەی کحوولی بەسەر سەربازەکانیدا لە دوورگەی ئۆکیناوای ژاپۆن سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی سەربازێکی هێزی دەریایی بە گومانی کوشتن و دزیکردن لە ژنێکی ژاپۆنی، دەستگیرکرا.
بەپێی راگەیێندراوی بێنجامین واتسۆن، فەرماندەی هێزی سێیەمی مارینز لە ئۆکیناوا، بڕیاردراوە سەرجەم چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی دوو رۆژ رابگیرێن و لە نێو بنکەکەدا تەرخانبکرێن بۆ مەشق و راهێنان لەسەر ستاندارد و دیسیپلینی سەربازی.
هاوکات خواردنەوەی کحوول لە رۆژی چوارشەممەوە تاوەکو هەینی لە نێو بنکەکە و دەرەوەشدا قەدەخە کراوە، لەگەڵ سەپاندنی قەدەخەی هاتووچۆی شەوانە بۆ ماوەی مانگێک کە بەپێی بڕیارەکە پێویستە سەرجەم سەربازان تاوەکو نیوەشەو بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
فەرماندەی هێزی سێیەمی مارینز لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "خزمەتکردن لە ئۆکیناوا بەرپرسیارێتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئۆکیناوا دەژین، کار دەکەین و تێکەڵ دەبین؛ ماڵی ئەوان ماڵی ئێمەیە." گوتیشی، هێزەکانی ئەمریکا لە لێکۆڵینەوەکانیاندا هاوکاریی تەواوی دەسەڵاتدارانی ژاپۆن دەکەن.
پۆلیسی ئۆکیناوا رۆژی یەکشەممە دەستگیرکردنی دیڤین جەیکۆب بالاردی تەمەن 20 ساڵی راگەیاند، کە سەربازێکی هێزی مارێنزە، بە تۆمەتی دزیکردن و کوشتنی ئانا یاگی، تەمەن 39 ساڵ لە ژوورێکی هۆتێلدا لە نێوەڕاستی شاری ناها، پایتەختی ئۆکیناوا. بە گوتەی پۆلیس، ئەو سەربازە تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە.
لە دوورگەی ئۆکیناوا زیاتر لە 30 هەزار سەربازی ئەمریکی جێگیرکراون. ئامادەیی سەربازیی واشنتن لەم دوورگەیە لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا سەرچاوەی ناڕەزایەتیی بەردەوامی خەڵکی ناوچەکە بووە، بە تایبەت کاتێک ناوبەناو رووداوی تووندوتیژی لەلایەن سەربازانی ئەمریکاوە تۆمار دەکرێن و دەبنە هۆی دروستبوونی خۆپێشاندان لە شەقامەکاندا.
لجێنتا کۆجا، پارێزگاری ئۆکیناوا رۆژی دووشەممە بە فەرمی ناڕەزایەتیی خۆی گەیاندە فەرماندەی هێزەکانی مارینز و کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە ئۆکیناوا. کۆجا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بە سەربازێکی تەمەن 20 ساڵی زۆر گەنجەوە هەیە. دەمەوێت پرسیاری ورد دەربارەی پرۆگرامی مەشقی سەرەتایی و رێکارەکانی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان لە ئۆکیناوا بکەم و بەدوای رێوشوێندا بگەڕێین بۆ رێگری لەم جۆرە تاوانانە."
هەروەها رۆژی چوارشەممە، پارێزگاری ئۆکیناوا لە شاری تۆکیۆ لەگەڵ سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی ئەم رووداوە و دۆخی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.


