رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، " پەیمانی بەرگری لەگەڵ سعودیە رۆڵی نێوەندگیریی پاکستان لە ململانێی ئێراندا لاواز ناکات".
ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی نێوەندگیری پاکستان بۆ ئەمریکا و ئێران بە نامۆ عەبدوڵڵا، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە نیویۆرک راگەیاند، "شتە گرنگەکە بۆ هەر نێوەندگیرێک ئەوەیە کە هەردوو لایەن قبووڵی بکەن، پێشم وایە ئێستاش هەروایە".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و ستیفان دوژاریک:
رووداو: سەبارەت بە سەردانی سکرتێری گشتی بۆ پاکستان: وەک دەزانیت، بەپێی رێککەوتننامەی مەککە، هێرش بۆ سەر سعودیە هێرشە بۆ سەر پاکستان. پاکستانیش بەڵێنی داوە هێز بنێرێتە سعودیە بۆ ئەوەی بەرگری لە شانشینەکە بکات لە بەرامبەر هێرشەکانی حووسییەکان، کە هاوپەیمانی ئێرانن. دەمەوێت بزانم ئایا سکرتێری گشتی هێشتا پێی وایە پاکستان نێوەندگیرێکی بێلایەنە لەم ململانێیەدا کە ئێرانی تێدایە. هەروەها، ئایا ئێران هیچ نیگەرانییەکی لەم بارەیەوە لای سکرتێری گشتی دەربڕیوە؟ سوپاس.
ستێفان دووژاریک: پێم وا نییە ئێرانییەکان ئەم پرسەیان راستەوخۆ لەگەڵ سکرتێری گشتیدا ورووژاندبێت. پێم وایە راستییەکەی ئەوەیە، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان پەیمان و هاوپەیمانیی سەربازییان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هەیە. ئەوە رێگر نەبووە لەوەی پاکستان لەو رووەوە نێوەندگیرێکی زۆر کاریگەر بێت، لە رێککەوتننامەی ئیسلام ئاباددا. وڵاتانی دیکەش بەشدار بوون، بەتایبەتی قەتەر و میسر و هی دیکە. بۆیە من هیچ ناکۆکییەک لەوەدا نابینم. هەروەها، شتە گرنگەکە بۆ هەر نێوەندگیرێک ئەوەیە کە هەردوو لایەن قبووڵی بکەن، پێشم وایە ئێستاش هەروایە


