رووداو دیجیتاڵ
دەزگای تەندروستیی رووسیا بڵاویکردەوە، "هیچ مەترسییەکی بڵاوبوونەوەی پەتا" نییە، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی تەکنیکارێکی تاقیگە بە نەخۆشیی تاعوون لە هەرێمی سیبیریا؛ روونکردنەوەکەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە رووبەڕووی داواکاریی چڕی نێودەوڵەتی بووەتەوە بۆ شەفافیەت لەسەر ئەم دۆسیەیە.
رۆژی هەینی، پێگەی هەواڵیی "people of bikal"ـی رووسی بڵاویکردەوە، ژنێکی تەمەن 28 ساڵ کە کارمەندی پەیمانگەی توێژینەوەی تاعوون بووە لە ناوچەی ئیرکوتسک لە سیبیریا بەو نەخۆشییە گیانی لەدەستداوە، ئەوەش پێدەچێت دوای ئەوە بووبێت کە لە رێگەی شوشەیەکی شکاوی تاقیکردنەوەوە تووشی بووبێت. بەڵام دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاند، ئەو ژنە بەهۆی هەوکردنی سییەکانەوە گیانی لەدەستداوە و هۆکارەکەشی بە "دیارینەکراو" ماوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2026، دەزگای چاودێریی تەندروستیی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "تەندروستی و پەتا لە ناوچەی ئیرکوتسک هێمنە" و دڵنیایی دا کە هیچ مەترسییەکی تەشەنەکردنی پەتا بۆ سەر دانیشتووان نییە؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە وردەکان هیچ دۆخێکی نائاساییان تۆمار نەکردووە و تاقیگەکەش پابەندی کۆنترۆڵی پێویست بووە لە کاتی کارکردن لەگەڵ زیندەوەرە میکرۆبییە مەترسیدارەکاندا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، زیاتر لە 90%ـی ئەوانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو کارمەندەدا هەبووە، پشکنین و چاودێریی پزیشکییان تەواو کردووە و ئەنجامی نزیکەی 5000 پشکنینی تاقیگەیی هیچ بەکتریایەکی مەترسیداری پێشان نەداوە.
دەزگاکە روونیکردەوە کە ئەو ژنە پێشتر ڤاکسینی وەرگرتبوو و بەرگریی لە بەرامبەر ئەو نەخۆشییە هەبووە، کە لە تاقیگەکەدا کاری لەسەر دەکرد.
هاوکات دەزگای چاودێریی تەندروستیی رووسیا دەڵێت، زنجیرەیەک رێکاری خۆپارێزیی گرتووەتەبەر و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان زانیارییەکانی رادەستی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کردووە.
ئەم لێدوانانەی رووسیا لە کاتێکدان هەر یەک لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا داوای شەفافیەتی زیاتریان لە مۆسکۆ کردووە لەبارەی راستیی رووداوەکە.



