رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایدەگەیێنێت، وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسەکە خاوەنی نزیکەی 1.1 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگن بۆ دۆخی لە ناکاو (لەوانەش سەرووی 200 ملیۆن بەرمیل گازوایل)؛ هاوکات ئامادەیی تەواوی خۆیان دەربڕیوە بۆ خستنەڕووی بڕی زیاتر لەو نەوتە بۆ بازاڕەکان تاوەکو رێگە لە تەنگژەی وزە بگیرێت.
رۆژی چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026، لە راگەیێندراوێکدا دوای کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام، فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، حکومەتەکانی ئەندام لە ئاژانسەکە بڕیاریانداوە بە خێراکردنی پرۆسەی خستنەڕووی یەدەگی نەوت کە لە چوارچێوەی "هەنگاوی بەکۆمەڵ"ی ئاداری 2026 راگەیێندرابوو، بەتایبەت لە پێشینەدان بە خستنەڕووی یەدەگی سووتەمەنیی دیزڵ (گازوایل) بەهۆی ئەو کورتهێنانەی لە بازاڕەکاندا دروستبووە.
پەرەسەندنی قەیرانی تەنگەی هورمز و نرخی نەوت
بەشێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کاریگەرییەکانی داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە؛ وڵاتانی ئەندام پێشوازییان لە راگەیێندراوی سەرکردەکانی کۆمەڵەی حەوت (G7) کرد بۆ پاراستنی ئاسایشی وزەی جیهانی و بەردەوامیی جووڵەی ئازادانەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان.
قەیرانەکە لە 28ی شوباتەوە سەریهەڵدا کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و تاران بە هێرشی مووشەکی و درۆنی وەڵامی دایەوە؛ دواتریش لە 2ی ئاداری 2026ەوە تەنگەی هورمزی داخست. بەهۆی ئەم پەرەسەندنانەوە، نرخی نەوت لە 72 دۆلارەوە بۆ 120 دۆلار هەڵکشا و ئێستاش بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە دەوروبەری 101 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
خستنەڕووی 325 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگ
بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکە، بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 325 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیژیی وڵاتان خراوەتە بازاڕەکانی جیهانەوە و لە ئەگەری پێویستبووندا، 100 ملیۆن بەرمیلی دیکەش لەو بڕەی بەڵێنی لەسەر دراوە دەخرێتە بازاڕەوە.
سکرتارییەتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بۆردی بەڕێوەبردنی ئاژانسەکەدا هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ دۆخی کەرتی وزە و پێداویستییەکانی بازاڕ دەکەن.



