رووداو دیجیتاڵ رۆژی سێشەممە، ئیسرائیل لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، یەکەمین ساڵیادی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماسی کردەوە، بەڵام هیچ وڵاتێکی زۆرینە موسڵمان، تەنانەت ئەوانەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردووەتەوە، ئامادەی بۆنەکە نەبوون. هۆڵی یادەکە کە بە ئامادەبوونی دیپلۆماتکاران و کەسایەتییەکان پڕ دیاربوو، بۆ رێزگرتن لە قوربانییانی هێرشەکەی حەماس رێکخرابوو کە بە خوێناویترین رۆژ بۆ جووەکان لە دوای هۆلۆکۆست دادەنرێت. لە نێو ئامادەبوواندا، جگە لە ئەمریکا، نوێنەری رووسیا و بەریتانیا وەک دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادەبوون، بەڵام چین و فەرەنسا هیچ نوێنەرێکیان نەناردبوو. مایک واڵتز، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە گوتەیەکدا رایگەیاند، "رێککەوتننامەی ئیبراهیم فراوانتر دەبێت. ئەمڕۆ تەکنەلۆژیای گومەزی ئاسنین شارەکانی وەک ئەبوزەبی و دوبەی دەپارێزێت. ئیسرائیلی و عەرەb شان بە شانی یەکدی بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکە لە هەمبەر هێرشەکانی ئێراندا راوەستاون." لە بۆنەکەدا، کەسایەتیی ناسراوی تەلەڤیزیۆنیی ئەمریکی، دکتۆر فیل، ئامادەبوو. هەروەها ژمارەیەک لە رزگاربووانی هێرشەکە و کەسوکاری قوربانییان، لەنێویاندا ئیتای کۆهێن کە یەکێک بوو لە بارمتە ئازادکراوەکانی دەستی حەماس، ئامادەبوون. ئیتای کۆهێن، باسی ئەزموونی خۆی لەکاتی دیلبوون کرد و گوتی، "هەر یەک بۆ دوو کاژێر جارێک دەهاتنە ژوورەوە و هاواریان دەکرد 'ئەڵڵاهو ئەکبەر' تاوەکو لێیان بترسین. نەیاندەهێشت بچینە ئاودەست، بۆیە ناچاربووین میز بە خۆماندا بکەین." ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی سەردانێکی بۆ پاکستان ئامادە نەبوو، بەڵام ستیفان دوژاریک، گوتەبێژەکەی، پەیامێکی ئەوی خوێندەوە. گوتێرێز لە پەیامەکەیدا هێرشەکەی حەماسی بە "قێزەون" ناوبرد و گوتی، "ئەم کارەساتە هەرگیز نابێت دووبارە ببێتەوە." هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، "شەڕە وێرانکەرەکەی دواتر، ئازارێکی بێئەندازەی بە فەلەستینییەکانی غەززە گەیاندووە و ئازارەکانی ئەوانیش دەبێت کۆتاییان پێبێت." لە حوزەیرانی 2024، کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، ئیسرائیل لە غەززە "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ئەنجامداوە، بەڵام ئیسرائیل ئەو راپۆرتەی رەتکردەوە. بۆنەکە بە لێدانی سروودی نیشتمانیی ئیسرائیل کۆتایی هات.