رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر دوو فڕۆکەخانە لە باشووری وڵاتەکەیان لە رۆژی دووشەممە، سێ کەس بریندار بوون و زیانی مادیش بەر فڕۆکەخانەکان کەوتووە.
رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەریەک لە "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا عەبدوڵڵا بن عەبدولعەزیز لە شاری جەزان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجران، رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە و دامەزراوەکانیان کراونەتە ئامانج."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە تیمەکانی فریاگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ بەپێی رێکارەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لە ئەنجامی هێرشەکە سێ کەس بە سووکی بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کراون، هاوکات زیانی مادیش تۆمار کراوە.
دەستەی فڕۆکەوانیی سعودیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان لە هاوئاهەنگیدان بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران، کارمەندان و تەواوی سیستمی فڕۆکەوانیی مەدەنیی وڵاتەکە.
سەرەڕای ئەوەی دەستەکە بە فەرمی لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکەی دیاری نەکردووە، بەڵام حووسییەکان رۆژی دووشەممە بە فەرمی لەئەستۆگرتنی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر چەندین ناوچەی سعودیە راگەیاند، لەنێویاندا ئەوەی خۆیان بە "ئامانجە هەستیارەکان لە جەزان و نەجران" ناویان برد.
هەروەها گرووپەکە بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەخت، فڕۆکەخانەی ئەبها، پاڵاوگەیەکی کۆمپانیای ئارامکۆ لە شاری رابخ و چەند بنکەیەکی سەربازی.
سعودیە رۆژی دووشەممە بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی حووسییەکانی کرد کە ژێرخانی مەدەنی و ئابووریی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج و گرووپەکەی بە هەوڵدان بۆ هەڵکشانی سەربازی تۆمەتبار کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانیی عەرەبی رایگەیاندووە لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین مووشەکی بالیستی و درۆنی حووسییەکانیان پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێکشکاندووە.



