رووداو دیجیتاڵ
پارتی (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی لە هەرێمێکی ئەو وڵاتە بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بەربژێرەکەیان دەنگی پێویستی بردەوە.
پارتی (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) مانگی رابردوو توانی نزیکەی 44٪ـی دەنگەکان لە هەرێمی (زاکسن ئانهالت) لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بەدەستبهێنێت، بەمەش بە ئاسانی بەسەر پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکراتـی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیادا سەرکەوت.
رۆژی سێشەممە 06-10-2026، پەرلەمانتارە تازە هەڵبژێردراوەکانی ئەو هەرێمە لە شاری ماگدێبۆرگ (پایتەختی هەرێمەکە) کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان. تۆبیاس راوش، بەربژێری پارتی (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) توانی 48 دەنگ بەدەستبهێنێت.
(ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا)، کە پارتێکی راستڕۆی دژی کۆچبەرانە، بە جیاوازییەکی کەم نەیتوانی زۆرینەی رەها لە هەڵبژاردنی هەرێمەکە لە مانگی رابردوودا بەدەستبهێنێت، کاتێک 39 کورسی لە کۆی 83 کورسی بردەوە. بەڵام پێنج پەرلەمانتاری پارتی (سارا ڤاگنکنێشت)، کە پارتێکی چەپە، پێشتر رایانگەیاندبوو، دەنگ بە تۆبیاس راوشـی تەمەن 35 ساڵ دەدەن.
کریستیان لای، جێگری سەرۆکی پارتی سارا ڤاگنکنێشت بەرگری لە بڕیاری پارتەکەی کرد بۆ دەنگدان بە راوش و گوتی ئەو "دیوارە ئاگرینەی" پارتەکانی دیکە دروستیان کردووە بۆ رێگریکردن لە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) کار ناکات و گوتی: "ئێمە پێویستمان بە رێگەیەکی ژیرانەترە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا)، ئەمەش واتە رووبەڕووبوونەوەی ناوەڕۆکی بەرنامەکەیان لەبری دانانی دیوارێکی ئاگرین."
لە گوتاری وەرگرتنی پۆستەکەیدا، راوش بەڵێنی دا "بۆچوونە جیاوازەکان بە جیدی وەربگرێ و هەوڵ بدات بڕیارەکان بە شەفافی بدات."
ئولریش زیگمۆند، سەرۆکی (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) لە (زاکسن ئانهالت) رایگەیاند، هیوادارە لە کانوونی یەکەمدا وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکە هەڵبژێردرێ، کە ئەمەش دەبێتە یەکەمجار بۆ پارتەکە ئەو پۆستە وەربگرێ.
پارتی (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) مانگی رابردوو لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی (مێکلێنبۆرگ-فۆرمپۆمەرن) لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێ هاوپەیمانییەکی پارتە چەپەکان بەردەوام بێ لە پێکهێنانی حکومەت. لە بەرلینـیش، پارتی چەپ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا هەریەک لە پارتی CDUـی مێرتس و هاوپەیمانە بچووکەکانی راوێژکار (سۆسیال دیموکراتەکان) پاشەکشەیان کرد.
ئەنجامی ئەم سێ هەڵبژاردنە هەرێمییە گوشارەکانی سەر مێرتسـیان زیاد کردووە، کە لە ساڵی 2025 پۆستەکەی وەرگرت و بەڵێنی دا لەرێگەی بووژاندنەوەی ئابووریی ئەڵمانیا و گرتنەبەری رێوشوێنی تووندتر بەرامبەر کۆچبەران، رێگری لە بەهێزبوونی پارتی (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) بکات.



